هەواڵی کردنەئامانجی ئەحمەد شەرع رەت كرایەوە

:: PM:06:35:05/01/2026 ‌
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، کە باس لە کردنەئامانج و برینداربوونی سەرۆکی کاتیی سووریا دەکەن و بە "هەواڵی ساختە" وەسفی کرد.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی کانوونی دووەمی 2026، نورەدین بابا گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هەواڵانەی باس لە کردنەئامانجی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی وڵات دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.

گوتەبێژەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەم دەنگۆیانە بەڵگەنامەی ساختەیان لەگەڵدا بڵاو کراوەتەوە و بە درۆ دراونەتە پاڵ لایەنی فەرمی بەمەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی، بۆیە بە توندی ڕەتی دەکەینەوە.

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتییان و میدیاکان کردووە، بەدوای هەواڵی هەڵبەستراودا نەچن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، لە دوێنێوە لە بەشێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە ئەحمەد شەرع لە هێرشێکدا کراوەتە ئامانج و بریندار بووە.


وشە - پۆڵا مەحموود