ئەفسەرێکی باڵای سوپای ڤەنزوێلا ددان بەوەدا دەنێت کە هۆکاری سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکا بۆ گرتنی مادورۆ، دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و سیستمی پێوەندییە ئاسمانییەکان.
ئەمڕۆ دووشەم پێنجی کانوونی دووەمی 2026، ئێدگار ئەلیخاندرۆ لۆگۆ، ئەفسەر لە هێزە یەدەگەکانی سوپای ڤەنزوێلا بە ئاژانسی "نۆڤۆستی"ـی ڕاگەیاند، هێرشەکەی ئەمەریکا کارێکی پلان بۆ داڕێژراوی زۆر ورد بوو، لە "لێدانێکی نەشتەرگەری" دەچوو.
ئەو ئەفسەرە هۆکاری سەرکەوتنەکەی بۆ "پاڵپشتیی زەبەلاحی توانای ستراتیجیی ئەمەریکا لە پێوەندییەكان لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە" گەڕاندەوە.
بە گوتەی لۆگۆ، هێزەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی فرەوان سیستمی دیاریکردنی شوێن (GPS) و پێوەندیی ئاسمانییان بەکارهێناوە، چونکە هیچ ئۆپراسیۆنێک بەو قەبارەیە لە سەردەمی مۆدێرندا، بەبێ زانیاریی هەواڵگریی مەیدانیی ورد و دیاریکردنی وردی جوگرافی، ئەنجام نادرێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، کە ئەو ئەفسەرە سەردانی سەربازگەی "فۆرتی تیۆنا"ی کردووە، کە دەگوترێت خاڵی دەستپێکی ئۆپراسیۆنی ڕفاندنی مادورۆ و هاوسەرەکەی بووە.