میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن، جووڵەیەکی سەربازیی نائاسایی و بەرفراوانی ئەمەریکا لە ئاسمان و دەریادا دەستی پێ کردووە، کە ئاماژەیە بۆ خۆئامادەکردن بۆ سیناریۆی ململانێیەکی ڕاستەوخۆ یان هێرشێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی کانوونی دووەمی 2026، ماڵپەڕی "نێتسیڤ"ی عیبری ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پشتبەستن بە داتاکانی چاودێریی ئاسمانی (OSINT)، وردەکاریی جووڵەکان دەخاتە ڕوو:
جووڵەی ئاسمانیی زەبەلاح
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە 24 سەعاتی ڕابردوودا زیاتر لە 30 فڕۆکەی گواستنەوەی زەبەلاح لە جۆری (C-17 Globemaster III) لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە بەرەو بنکەکانی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) بەڕێ کەوتوون، بەشێکیان لە بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا و قەتەر نیشتوونەتەوە.
هەروەها دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیبەخش لە جۆری (KC-135 و KC-46) لە ئەوروپا کشێنراونەتەوە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە کراون، کە ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئامادەکاری بۆ "لێدانی دوورمەودا". لەگەڵ ئەمانەشدا پۆلێک فڕۆکەی جەنگیی (F-15, F-16) و ڕەنگە فڕۆکەی شەبەحی (F-22) گەیشتوونەتە ناوچەکە.
هۆکارە ستراتیجییەکان
ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان هۆکاری ئەم جووڵە نائاسایییە بۆ سێ خاڵ دەگەڕێننەوە:
1. هۆشدارییەکەی ترەمپ: کە هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی کردووە ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپێشاندەران بکات.
2. لێواری ڕووخان: خۆپێشاندانەکان لە ئێران گەیشتووەتە لووتکە و زیاتر لە 220 ناوەند ناڕەزایەتییان تێدایە، ترس هەیە تاران بۆ دەربازبوون لە تەنگژەی ناوخۆیی، شەڕ بگوازێتەوە دەرەوە.
3.. جووڵەی دەریایی: كەشتیی فڕۆکەهەڵگری (Nimitz) فەرمانی پێ کراوە بە خێرایی بچێتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان.
ئەمەریکا دەڵێت "بەرگری"یە، بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن "هێرش"ە
پێنتاگۆن ئەم جووڵانە بە "دۆخی بەرگری" وەسف دەکات، بەڵام شیکەرەوە سەربازییەکان دەڵێن قەبارەی فڕۆکەکانی سووتەمەنی و گواستنەوە، ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەریی فراوان، کە زۆر گەورەترە لەوەی مانگی حوزەیرانی 2025.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران دۆخی ئامادەباشیی سوپای پاسدارانی بۆ بەرزترین ئاست زیاد کردووە و جووڵەی نائاسایی لە بنکە مووشەکییە ژێرزەمینییەکاندا هەیە.