وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە فەرمی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سووریای ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، هەردوولا گەیشتوونەتە لێکگەیشتن بۆ دروستکردنی "شانەیەکی هاوبەش" بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.
ئەمشەو سێشەم شەشی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی (ئەمەریکی- ئیسرائیلی- سووری)دا ڕای گەیاند، بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کۆ بوونەوە و گفتوگۆی بەرهەمداریان ئەنجام دا.
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێک کەوتوون:
1. نوێکردنەوەی پابەندبوون بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی تەناهی و سەقامگیریی هەمیشەیی.
2. دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش (شانەی پێوەندی) بۆ ئاڵوگۆڕی دەستبەجێی زانیاریی هەواڵگری، کەمکردنەوەی گرژیی سەربازی و دەستپێکردنی جووڵەی دیپلۆماسی و بازرگانی لەژێر چاودێریی ئەمەریکا.
لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە دوای چەند مانگێک دابڕان، گفتوگۆی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا بە پشتیوانیی ئەمەریکا دەستی پێ کردووەتەوە.
نەتەنیاهۆ دووپاتی کردووەتەوە کە ڕێککەوتن کراوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی کەمینەی دروزی لە سووریا و بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان.