هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بە فەرمی كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانیان لە شاری حەلەب ڕاگەیاند و هۆشداری دەدەن كە بەردەوامیی هێرش بۆ سەر مەدەنییەكان، دۆخەكە دەتەقێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی دووەمی 2026، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ڕای گەیاند، هیچ بوونێكی سەربازیمان لە شاری حەلەب نەماوە و بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەبەڵگەكراو لەبەردەم میدیاكان كشاوینەتەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، دۆسیەی تەناهیی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، ڕادەستی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كراوە.
هەسەدە هۆشدارییەكی توندیشی داوە و دووپاتی كردووەتەوە، بەردەوامبوونی ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە حەلەب، لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی تەواوی سووریا ببێتەوە بە گۆڕەپانی جەنگێكی كراوە.