وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كان و رۆڵ و هه‌وڵێستی ئه‌مه‌ریكا له‌و خۆپێشاندانانه بڵاو كرده‌وه، هه‌ڵوێسته‌كانی حكوومه‌ت و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی خه‌ڵكی خۆپێشانده‌ری ئێرانی سه‌ركۆنه كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌یكات، هه‌ڕه‌شه و ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری ناوخۆی ئێران و ئاماژه‌ی دا، ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی له ئێران روو ده‌ده‌ن، ویست و داخوازیی ئابوورین و به‌شێكی زۆر له كێشه ئابوورییه‌كانی ئێرانیش پێوه‌ندی به سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه.
وه‌زاره‌ته‌كه چه‌ند جارێك پێداگریی له‌وه كردووه كه ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی سزاكانیه‌وه ژیان و بژێویی دانیشتووانی ئێرانی كردووه‌ته ئامانج.
پێویسته بگوترێ له رۆژانی رابردوودا به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌ی جیاواز پاڵپشتییان له خه‌ڵكی خۆپێشانده‌ر كردووه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوو جار راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له ئێران كردووه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك سه‌ركوت بكات و بكوژێت، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا بۆ پاڵپشتیكردن له خه‌ڵكی خۆپێشانده‌ر هه‌ڵوێستی ده‌بێت.
له نوێترین هه‌ڵوێستدا لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، له په‌یامێكدا كه له تۆڕی ئێكس بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی خۆپێشانده‌ر، هۆشداریی به حكوومه‌تی ئێران دابوو.
ئه‌و گرووپه له نوێنه‌رانی كۆنگرێس له په‌یامه‌كه‌یاندا، پێداگرییان له‌وه كرد كه خه‌ڵكی ئێران زۆر بوێرانه به‌رانبه‌ر رژێمێكی سه‌ركوتكه‌ر وه‌ستاون. ئه‌وان رووی قسه‌یان له رێبه‌رانی ئێران كردووه و نووسیویانه، ''ئه‌گه‌ر تاران خۆپێشانده‌رانی ئاشتیخواز به توندوتیژی سه‌ركوت بكات و بیانكوژێت، ئه‌وا زۆر به خێرایی دادپه‌روه‌ری له دژیان جێبه‌جێ ده‌كرێت.''
لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماریخوازیش ده‌ڵێت دۆناڵد تره‌مپ، باراك ئۆباما نییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك پشت له خه‌ڵكی ئێران ناكات، دواتر هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی كرد و گوتی، ئه‌گه‌ر درێژه به كوشتنی خه‌ڵك بده‌ن، ئه‌وا خۆتان ده‌كوژرێن.
جێی باسه ئه‌مڕۆ 12ه‌مین رۆژی ده‌ستپێكردنی گه‌ڕێكی نوێی خۆپێشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه له ئێران، خۆپێشاندانه‌كه رۆژی یه‌كشه‌م 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2025 له تاران دوای ئه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه به‌های تمه‌ن به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و نزمترین نرخی له مێژوودا تۆمار كرد.
به‌گوێره‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌وه‌ته‌ی خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه، لانی كه‌م 33 كه‌س له خۆپێشانده‌ران كوژراون و میدیاكانی حكوومه‌تی ئێرانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، ژماریه‌ك له هێزه‌كانی پۆلیس له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه كوژراون.