مامۆستایانی ئاینی بەیاننامەیەكی توند دژی گرووپە چەكدارەكانی حكوومەتی كاتی سووریا بڵاو دەكەنەوە

:: PM:06:21:08/01/2026 ‌
كۆمەڵێك مامۆستای ئاینی، دژی ئەحمەد شەرع بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و سەركۆنەی بەكارهێنانی ناوە پیرۆزەكان دەكەن لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی بۆ شەهیدكردنی كورد لە حەلەب. 

ئەو مامۆستا ئاینیانە لە بەیاننامەكەدا نووسیویانە، لە سایەی ئەو بارودۆخە هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزییەی رۆژئاوای كوردستانی گرتووەتەوە، وەك كۆمەڵێك لە خەمخۆرانی ئاین، نەتەوە و نیشتمان، بە پشتبەستن بە پرەنسیپە مرۆییەكان و بەها باڵاكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، داوا لە سەركردایەتی حكوومەتی نوێی سووریا و سەركردایەتی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكەین، بەرژەوەندی باڵای گەلان و پاراستنی خوێنی هاووڵاتییان بخەنە سەروو هەموو بەرژەوەندییەك.

هەروەها دەڵێن، بە توندی ڕەتیدەكەینەوە ناوی پیرۆزی (اللە اكبر) و دروشمە ئاینییەكان بۆ كوشتنی كورد یان هەر پێكهاتەیەكی تر بەكاربهێنرێت، چونكە ئیسلام ئاینی ڕەحمەت و دادگەرییە، نەك ئامرازێك بۆ پاساودانی شەڕ و ماڵوێرانی. كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەنی موسڵمان هەمیشە لانكەی پاراستنی پەیامە ئاسمانییەكان بووە و دەبێت ئەم مێژووەی پێكەوەژیانە بپارێزرێت.

هەروەك دووپات دەكەنەوە كە گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا بەبێ داننان بە مافە ڕەوا و نەتەوەییەكانی گەلی كورد و پاراستنی قەوارەكەی لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوو و دادپەروەردا فەراهەم نابێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی سێ‌ ڕۆژە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا هێرشی سەر ناوچەكانی حەلەب دەكەن. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم