هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب "ئاسایش" ڕای گەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حكوومەتی دیمەشق، گورزی کوشندەیان لێ وەشاندوون و پێشڕەوییەکەیان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان ڕاگرتووە.
ئەمشەو پێنجشەم هەشتی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان ڕووبەڕووی ئەو گرووپە چەکدارانە بوونەتەوە کە هەوڵیان داوە پێشڕەوی بکەن بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکاندا دوو زرێپۆشی هێرشبەران تێکشکێنراون و ژمارەی کوژراوانی ئەو گرووپانە گەیشتووەتە نۆ چەکدار.
ئاسایشی حەلەب دووپاتی کردووەتەوە، شەڕ و پێکدادان و بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانمان بەردەوامە، کە ڕووبەڕووی تۆپبارانی چڕی تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرووپە هێرشبەرەکان بوونەتەوە.