وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی تونددا، تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی بۆ کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی شەقام، هێزی چەکداری لە عێراق و لبنانەوە هێناوە و بە "خیانەتێکی قووڵ" وەسفی دەکات.
ئەمڕۆ شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە هەژمارە فارسییەکەی لە تۆڕی (X) ڕای گەیاند، ئەمەریكا نیگەرانە لەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، پەنای بۆ تیرۆریستانی حزبوڵا و میلیشیا عێراقییەکان بردووە بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە ئاشتیخوازانەکان لە ئێران.
لە پەیامەکەدا هاتووە، ڕژێمی ئێران ملیاران دۆلاری لە پارەی گەل خەرج کردووە بۆ هێزە تیرۆریستییە بریکارەکانی، بەکارهێنانی ئەو هێزانەش دژی هاووڵاتییانی ئێران خۆیان، خیانەتێکی قووڵی ترە لە مافی گەلی ئێران.
وەڵامێک بۆ خامەنەیی
لەبارەى قسەکانی عەلی خامەنەیی کە گوتبووی "خۆپێشاندەران موڵکی گشتی تێک دەدەن بۆ ئەوەی دڵی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن"، واشنتن وەڵامی داوەتەوە و دەڵێ، ڕەنگە ئەوەی خامەنەیی بەڕاستی نیگەران کردووە ئەوە بێت کە گەلی ئێران دوای 47 ساڵ لە درۆ و شکستی تەواوەتیی ئەم ڕژێمە تێگەیشتوون، هەروەها دەزانن کە 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا (ترەمپ) لەگەڵیانە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، لە ڕۆژی 13ـەیەمی ناڕەزایەتییەکاندا ترسە گەورەکەی ڕژێم دەرکەوتووە کە "ئێرانییەکان یەکگرتوون و داوای گۆڕانکاری دەکەن"، بۆیە ڕژێم لە "تەنگژەیەکی گەورە"دایە.