بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو لایەنە حکوومییانەی ڕاگەیاند کە ئیدارەی کەرتی غەزە دەدەن و ئامادەییی خۆی پێشان دا بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بە لیژنەیەکی کەسانی سەربەخۆ.
ئەمشەو شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، حازم قاسم گوتەبێژی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، بڕیارمان داوە لایەنە حکوومییەکانی غەزە هەڵبوەشێنینەوە و ئامادەین بۆ ئاسانکاریی تەواو تا لیژنە نوێیەکە ئەرکەکانی وەربگرێت و سەرکەوتوو بێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە دێت کە لە 24ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو لە قاهیرە کرا، کە تێیدا بڕیار درا ئیدارەی غەزە ڕادەستی "لیژنەیەکی کاتیی فەلەستینی لە کەسانی سەربەخۆ و شارەزا" بکرێت.
لای خۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەزە ئاشکرای کرد، لە ماوەی 90 ڕۆژی ڕابردووی ئاگربەستەکەدا، ئیسرائیل هەزار و 200 جار ئاگربەستی پێشێل کردووە و بەهۆیەوە 484 فەلەستینی کوژراون و هەزار و 206ی تر بریندار بوون.