لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، دواجار شەوی رابردوو هاتە راگەیاندن كە محەمەد شیاع سوودانی، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، كشاوەتەوە و نووری مالیكی بووەتە كاندیدی شیعە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
لەوكاتەی بڕیارە سبەی ئێوارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدكردنی نووری مالیكی ساز بكات، دوای ئەوەی مەرجەعیەتی نەجەف بێبەریبوونی خۆی لە بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دووپات كردەوە،
باقر ساعدی پەرلەمانتاری پێشوو ئاشكرای كرد كە وادەی راگەیاندنی ناوی مالیكی وەك كاندیدی چوارچێوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران 29ی ئەم مانگەیە.
روونی كردەوە، هەموو لایەنەكانی چوارچێوە لەسەر كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستەكە بە رێژەی 100% رێك كەوتوون و بڕیاری كۆتایی ئەوانە و لێی پاشگەز نابنەوە، ئەو قسانەشی باسی گۆڕانكاری دەكەن راست نین، چونكە هەموو هێزەكان لەسەر ئەو بژارە كۆكن، بۆیە مالیكی بووەتە كاندیدی فەرمیی چوارچێوە.
لە لایەكی تر سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی رەوتەكەی بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسی ساز دەكات، بەتایبەتی پێوەست بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و بڕیارەكانی دوایین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
سەرچاوەكە زیاتر گوتی، حەكیم تێبینی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و پێی وایە هێنانەپێشەوەی هەندێكیان، هێنانەوەی رەتی كاری ئەوانە لەسەر بنەمای تاكڕەوی لە دەسەڵات و قۆرخكردنی بڕیار و دیكتاتۆریەت و پشتگوێخستنی هاوبەشانی ساسی، دەبێتە هۆی ئاڵۆزكردنی كاری حكوومەت و پەكخستنی سازانی راستەقینە، جیا لە بەتاڵكردنی پرۆسەی دیموكراسی لە ناوەڕۆكەكەی، وەك ئاماژەیەك بۆ نووی مالیكی.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە حەكیم داوای كردووە لە بری ئەوە با رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت، بۆیە ئەگەری هەیە لە سایەی ئەو دۆخەدا حەكیم پەنا بۆ بژارەی كشانەوەی لە پێكهاتەی حكوومەتی داهاتوو ببات.