میدیا عیبرییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم بڵاویان کردەوە، بەهۆی بوونی نیمچە دڵنیاییەک لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی نزیکی ئەمەریکا دژی ئێران، لە ئیسرائیل حاڵەتی ئامادەباشیی باڵا و خستنە ئامادەباشیی هێزی ئاسمانی و هەواڵگری و گواستنەوە بۆ "باری نائاسایی" لە نەخۆشخانەکان ڕاگەیەنراوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕای گەیاند، پێشبینی دەکرێت ئێران لە وەڵامی ئەو لێدانە چاوەڕوانکراوەدا، هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەش دا بەگوێرەی مەزەندەی ئیسرائیلییەکان، لێدانەکە بۆ سەر ئێران "کورت" دەبێت.
دەستەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئیسرائیل هێزی ئاسمانی و هەواڵگری خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ هەر سیناریۆیەکی وەڵامدانەوەی ئێران دژی ئیسرائیل، ئاشکراشی کرد کە مەزەندە هەیە ترەمپ لێدانێک ئاراستەی ئێران بکات بۆ ناچارکردنی بە دانوستان بەپێی مەرجەکانی واشنتن.
هاوکات کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرش دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە جیهاندا و لە ڕووی بەرگری و هێرشبەریشەوە بۆ هەر پەرەسەندنێکی ئێرانی ئامادەن.
کەناڵەکە پێشبینی کردووە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا سنووردار بێت و مەرج نییە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئێران دژی ئیسرائیل، وەڵامی ئێرانیش بەپێی سروشت و قەبارەی ئۆپەراسیۆنە ئەمەریکاییەکە دیاری دەکرێت.
دووپاتی کردەوە کە لێدانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە هەموو کات نزیکتر بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش دا حاڵەتی ئامادەباشیی باڵا هەیە لەگەڵ مەزەندەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نزیکی ئەمەریکا دژی ئێران.
لە لێدوانێکدا لەبارەی "یارمەتیی بەڕێوە" بۆ ئێران، ترەمپ گوتی: "خۆتان ئەوە دەبینن".
لە بەرانبەردا لیندزی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان ڕوونی کردەوە، مەبەستی ترەمپ لە یارمەتیدانی خۆپێشاندەرانی ئێران، شەپۆلێکی گەورەی هێرشی سەربازی و ئەلیکترۆنی و دەروونییە.