وەك بەشێك لە شارەزایان ئاماژە دەكەن كە چارەنووسی رژێمی دەسەڵاتی ئێران دیار نییە، بەڵام ئاماژەكان بەرەو كۆتاهاتنی قۆناغی ئێستە و ستایلی ئێستەی دەسەڵاتەكەیە، چونكە تا ئێستە ئەوەی ئەمەریكا لەو رژێمەی دەوێ جێبەجێی ناكات، كە پێچەوانەكردنەوەی هەموو ئەو بنەمایانەیە كە كۆماری ئیسلامی لەسەر دامەزراوە، دوو هەفتە زیاترە شەقامی ئێران خرۆشاوە و دۆخەكە بەرەو تەقینەوەیەكی گەورەیە، بەڵام ئەگەر ئەو رژێمەی ئێستەی تاران رووخا كێ شوێنی دەگرێتەوە؟
رۆژنامەی
"نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئێستە ئەو پرسیارە لە ناوەندەكانی توێژینەوە و میدیاكان بە زەقی ورووژاوە، بەتایبەتی لەناو نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی یەكگرتوو و بەتوانا بۆ گرتنی راستەوخۆی دەسەڵات لەو وڵاتە، لەو كەسانەی كە بۆ شوێنگرتنەوەی رژێمی ئێستەی تاران ناویان هاتووە:
*رەزا پەهلەوی، شازادەی جێنشینی پێشووی ئێران، یەكێكە لەو ناوانەی زۆر دەخرێتە روو، ئەو لە 1979ەوە لە ئەمەریكایە و ناوبانگی لەناو گەنجانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە هەیە، بەڵام شرۆڤەكاران پێیان وایە هێزی ئەو وەك هێمایە نەك رێكخستن و سەنگی سیاسی و رێكخستنی لە شەقامی ئێران نییە.
*حەسەن رەوحانی، سەرۆكی پێشووی ئێران كە بەرجەستەی باڵێكی ریفۆرمخواز لەناو رژێمی ئێستەی
دەسەڵات لە تاران دەكات، لایەنگرانی وای دەبینن دەتوانێت سەرپەرشتی و رابەرایەتیی قۆناغی كاتی ئەو وڵاتە بكات، واتە بێ رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی و دەرەكی، بەتایبەتی لە كاتی واژووكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی شارەزایی لە دانوستان لەگەڵ رۆژئاوا هەبوو، بەڵام رەخنەگرانی دەڵێن ئەو بەشێكە لەو رژێمەی ئێستە شەقام لە دژی هەستاوە، ئەوەش كار لە شەرعیەتی دەكات بۆ قۆناغی دوای كەوتنی رژێمی تاران.
*سەید حوسێن موسابیان، دیپلۆماتكار و گفتوگۆكاری پێشووی ئەتۆمی، وەك كەسایەتییەك خاوەن شارەزایی لە پێوەندیی نێودەوڵەتی و خاوەن پێوەندییەكی فرەوان، بەڵام ئەو بنكەیەكی جەماوەری نییە و تەنیا رۆڵی لە گفتوگۆكان هەبووە.
بەپێی رۆژنامەكە دۆخەكە روون نییە و نازانرێت ئاخۆ رژێمەكە دەرووخێت یان ملكەچ دەبێت، دواتر لە قۆناغی كاتی پشێوی و شەڕ دروست دەبێت یان نا، بەڵام هەر دەبێت كەسێك یان دەستەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەوەش دەوەستێتە سەر لایەنی بەهێز و خواستی شەقام.