هەڕەشەكانی ترەمپ و ئاماژە و وریاكردنەوەكان و راپۆرتی رۆژنامە و ناوەندەكانی توێژینەوە بەو ئاراستەیەن كە ترەمپ هەر دەبێت گورزێكی سنوورداری سەربازی لە ئێران بوەشێنێت، بڕیار بوو دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ تیمی تەناهیی ئیدارەكەی كۆ ببێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی ئێران، ئەو چەند هەڕەشەیەكی كرد و داوای لە خۆپێشاندەران كرد كە بەردەوام بن و یارمەتیی ئەمەریكا بەڕێگەوەیە، لەو ناوەدا رێكخراوێك نەخشەی 50 ئامانجی گرنگی سوپای پاسدارانی لە تاران بە كۆشگی سپی داوە.
وەك رۆژنامەی
"دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی دەكات، لەوكاتەی خەریكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیار لەبارەی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران بەهۆی سەركوتكردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان بداتەوە و بژارەی هێرشی سەربازی یەكێكە لە بژارەكان، رێكخراوی "یەكگرتووان لە دژی ئێرانێكی ئەتۆمی"، كە بارەگەكەی لە واشنتنە، دۆسیەیەكی بە 50 ئامانجی گرنگی سەربازی و ستراتیجی ئێرانی داوەتە كۆشكی سپی.
بەپێی ئەو دۆسییە، وەك رێكخراوەكە خۆی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، شوێنی وردی بارەگەی سەركردایەتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە "سەرەڵا"، كە ناوەندی سەركردایەتیی سوپاكەیە تایبەت بە راوەدوونانی خۆپێشاندەران و ناوەندی سەركردایەتی سوپایە و سەرپەرشتیی ئۆپراسیۆنەكانی پۆلیسی ئێران دەكات، جیا لە چوار بارەگەی سوپاكە لە تارانی پایەتەخت، بارەگەی سەركردایەتیی قودس و بارەگەی سەركردایەتیی فەتح و بارەگەی سەركردایەتیی نەسر و بارەگەی سەركردایەتیی قەدر.
دۆسیەكە باسی ئامانجی تری گرنگ لە تارانی پایەتەخت دەكات، كە وەك ناوەندی نهێنیی سەركردایەتی كار دەكەن و ئۆپراسیۆنەكانی هەواڵگری و پۆلیس رێك دەخەن، ئامانجەكان 23 بنكەی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانی لە هەر 22 ناوچەی تاران تیادایە، لەوانە ئەو یەكەی راوەدووی خۆپێشاندەران دەنێت، لەوانە هەردوو لیوای ئال موحەمەد و زەهرا.