تاران وڵاتانی ناوچەكە و دراوسێكانی وریا دەكاتەوە

:: PM:06:00:14/01/2026 ‌

هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەیە، ناوچەكە بە تەواوەتی خۆی بۆ ئەو پەرەسەندنە ئامادە كردووە و وڵاتانی دراوسێی ئێران كە بنكەی سەربازیی ئەمەریكایان لێیە خۆیان ساز داوە لە ئەگەری مووشەكبارانی ئێران بۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە حاڵەتی هێرشكردنە سەری، لەو ئەگەرە تاران وڵاتانی دراوسێی وریا كردووەتەوە.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، گەورە بەرپرسێكی ئێرانی رای گەیاند كە وڵاتەكەی دراوسێكانی لەوانەی بنكەی سەربازیی ئەمەریكایان لێیە، ئەوانی ئاگەدار كردووەتەوە ئەگەر ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر تاران، ئێرانیش ئەوان دەكاتە ئامانج، هەر بەپێی ئاژانسەكە و لە زاری چەند سەرچاوەیەك هاتووە كە بەهۆی ئەو ئەگەرانەوە هەندێك لە ئەندامانی ئەمەریكیی بنكەی سەربازیی عودەیدی قەتەڕی رۆیشتوون. 

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ قسەكانی بەرپرسێكی ئیسرائیلی كردووە بەوەی ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری داوە هێرش بكاتە سەر ئێران، قەبارەی ئۆپراسیۆنەكە و كاتەكەی دیار نییە، بەڵام داوا كراوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێك لە كارمەندانی بنكەی عودەید چۆڵی بكەن.

"رۆیتەرز"، لە گەورە بەرپرسێكی ئێرانی گواستەوە كە وڵاتەكەی داوای لە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە كردووە رێگری لە واشنتن بكەن لە هێرشكردنە سەر ئێران، تاران بە سعوودیە و ئیمارات و توركیای گوتووە كە ئەگەر هێرش بكرێتە سەر ئێران، بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتانە دەكرێتە ئامانج.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل