ئیسرائیل بەشداری لە لێدانی ئێران دەكات؟

:: PM:06:25:14/01/2026 ‌

ئێستە هەموو ئەگەرەكان بەرەو ئەوەن كە ئەمەریكا گورزێكی سەربازی لە ئێران دەوەشێنێت، ئێرانیش پێی وایە ئەوە راستییە و روو دەدات، بەڵام كات و قەبارەی هێرشەكە، لەوەش گرنگتر تا چ ئاستێك دەچێت و كاریگەری لەسەر مان و نەمانی رژێمی تاران دەبێت، لە هاوینی رابردوو ئیسرائیل بەر لە ئەمەریكا دەستی بە هێرش بۆ سەر تاران كرد، بەڵام ئەوجارە چی؟

هاوكات لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی ئێران، لەوانە عێراق، خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك، وەڵامدانەوەی ئێران و میلیشیاكان و گەیشتنی شەڕ و پشێوی بۆ ناو سنوورەكانیان ئامادە كردووە، ئیسرائیل كە دوژمنی سەرەكیی تاران و میلیشیاكانیەتی، خۆی بۆ كاردانەوەكانی ئەو هێرشە ساز داوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەو بەشداری لە هێرشەكە دەكات یان نا؟

وەك رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژەی كردووە، لە تەلئەبیب دۆخێكی رارا هەیە و تا ئێستە دیار نییە ئاخۆ ئیسرائیل دەبێتە هاوبەشی ئەمەریكا لەو شەڕە وەك جاری پێشوو یان نا، تا ئێستە ئەگەری ئەو هاوبەشییە نییە و هیچ زانیارییەكیشی لەبارەی شێوە و كاتی هێرشەكە نییە، ئەوەش دەری دەخات، وەك شارەزایان پێیان وایە، بابەتی وەڵامدانەوەی ئێران لە ژوورە داخراوەكان لە كۆشكی سپی قەتیس كراوە و بڕیارە لە ماوەیەكی كەم بەر لە هێرشەكە هەواڵ و زانیاری بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا، لەوانەش ئیسرائیل بدرێت.

لێرەدا سەركردەكانی ئیسرائیل هەست بەوە دەكەن كە هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ئەگەر رووی دا، بەپێی لۆجیك و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان دەبێت نەك هاوپەیمانیەتی، ئەوە لەوكاتەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە هێواشی چاودێریی دۆخەكە دەكەن و چەند سیناریۆیەك دراوەتە بنیامین نەتنیاهۆ لەبارەی ئێران، لەوانە رووخانی رژێمی تاران و دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمەریكا لەو وڵاتە، لەوەش گرنگتر بۆ ئیسرائیل ئەگەری كردنەئامانجی تەلئەبیب لەلایەن ئێرانەوە ئەگەر هێرشی كرایە سەر و نەرووخا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل