گراهام هۆشداری دەداتە تورکیا و سووریا: هێرشکردنە سەر کورد بێ وەڵام نابێت

:: PM:06:51:14/01/2026 ‌
لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، پەیامێکی توندی ئاراستەی حكوومەتی نوێی سووریا و تورکیا کرد و هۆشداریی دا لەوەی هەر جووڵەیەک دژی کورد بکرێت، کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە.

گراهام ڕای گەیاند بەتەواوی پشتیوانی لە داواکەی سیناتۆر "ڕیچ" دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە سووریا و ئاگادارکردنەوەی حكوومەتی نوێی سووریا بەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی کەمینەکان قبووڵ ناکرێن.

سیناتۆرەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا ئەوەی لە هەمووی زیاتر جێی نیگەرانییە، بەدەستگەیشتنی ڕاپۆرتی بڕواپێکراوە کە هێزەکانی سوپای سووریا و تورکیا لەوانەیە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، باوەڕیشی وایە ئەم جووڵەیە کاردانەوەی بەهێزی ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە.

گراهام ڕوونی کردەوە هەرچەندە پشتیوانی لە پێدانی دەرفەتێک بە حكوومەتە نوێیەکەی سووریا دەکات، بەڵام هێرشی ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان قبووڵ ناکات و قبووڵی ناکات، چونکە ئەوان هێزی سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش و بە درێژایی ساڵان هاوپەیمانێکی بەهێز بوون لەگەڵ ئیسرائیل.

لیندزی گراهام لە کۆتاییدا ڕووی قسەی کردە حكوومەتی سووریا و تورکیا و گوتی ژیرانە بڕیار بدەن.



وشە - پۆڵا مەحموود