رۆیتەرز: لە 24 سەعاتی داهاتوودا ئەمەریکا لە ئێران دەدات

:: PM:08:52:14/01/2026 ‌
ئاژانسی "رۆیترز" لە زاری بەرپرسانی ئەورووپییەوە، ئەمڕۆ چوارشەم بڵاوی کردەوە دەستوەردانی ئەمەریکا لە ئێران لەوانەیە لە 24 سەعاتی داهاتوودا ڕوو بدات، هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە دا پێنتاگۆن بژاردەی ئامانجەکانی لە ئێران خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە مەبەستی بەئامانجگرتنیان.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە گواستییەوە پێنتاگۆن بژاردەی چەند ئامانجێکی لە ئێران خستووەتە بەردەم ترەمپ کە بەرنامەی ئەتۆمی و پێگەی مووشەکەکان دەگرێتەوە، بەڵام ڕوونی کردەوە بژاردەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی و لێدان لە دەزگای تەناهیی ئێران لەوانی تر بەهێزترن.

بەرپرسانی پێنتاگۆن ئاشکرایان کرد لایەنی کەم ژێردەریایەک بە مووشەکەوە لەگەڵ سێ کەشتیی تێکشکێنەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەروەها کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕۆزڤێڵت بەم دواییە چووەتە دەریای سوورەوە.

سەبارەت بە بنکەی عەدید لە قەتەر، سێ دیپلۆمات بە ئاژانسی "رۆیترز"یان ڕاگەیاند ڕاسپاردە دراوە بە هەندێک لە کارمەندان تا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بنکەکە جێ بهێڵن، هەرچەندە تا ئێستە ئاماژە نییە بۆ گواستنەوەی بەرفراوانی هێزەکان هاوشێوەی ئەوەی لە سەعاتەکانی پێش هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە حوزەیرانی 2025 ڕووی دا.

یەکێک لە دیپلۆماتەکان ڕوونی کردەوە ڕاسپاردەکە بۆ جێهێشتنە تا ئێوارەی ئەمڕۆ و ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییە لە هەڵوێست نەک گواستنەوەیەکی ڕێکخراو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەر ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی کردەوە جێهێشتنی هەندێک لە کارمەندان لە بنکەی ئاسمانیی "عەدید"ی ئەمەریکایی، ڕێکارێکە لە سایەی ئەو گرژییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت گیرایە بەر.

لەلایەکی ترەوە بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕای گەیاند وڵاتەکەی دراوسێکانی ئاگادار کردووەتەوە کە میوانداریی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرش بکاتە سەر تاران ئەوا ئەوان دەبنە ئامانج.

بەرپرسەکە ئاشکرای کرد تاران بە وڵاتانی ناوچەکەی لە سعودیە و ئیمارات تا تورکیا ڕاگەیاندووە بنکە ئەمەریکاییەکان لەو وڵاتانە دەبنە ئامانجی هێرشەکان ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ئێران.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یش لە زاری بەرپرسانی وڵاتانی کەنداوەوە ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە هێرشکردنە سەر ئێران لەوەی ڕوو نەدات زیاتر ئەگەری ڕوودانی هەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود