سەرۆكی فرەنسا ڕای گەیاند، لەسەر داوای دانیمارك وڵاتەكەی هێزەكانی ڕەوانەی گرینلاند دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی تری ئەوروپی لە مانۆڕە سەربازییەكانی دورگەی جەمسەری باكوردا بەشداری بكەن.
ئیمانوێل ماكرۆن لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی "X” ڕای گەیاند، هێزەكانی فڕەنسا لە ڕێگەدان، دواتر هێزی زیاتریش رەوانە دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕەنسا بەشداری لە "مەشقی هاوبەش" دەكات كە لەلایەن دانیماركەوە لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی خۆڕاگری جەمسەری" ڕێكدەخرێت، هەروەها سوید و نەرویج بەشداریكردنیان پشتڕاستكردەوە.
ماكرۆن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە هەڕەشەی ئەمریكا كرد و جەختی لەوەكردەوە كە "هەر تەحەدایەك بۆ سەروەری هاوپەیمانێكی ئەوروپی لێكەوتەی بێ وێنەی دەبێت و فڕەنسا لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و بە هاوسۆزییەكی تەواو لەگەڵ دانیمارك مامەڵە دەكات".
هاوكات وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ڕای گەیاند، سوپا دەنێرێت و ئەو هەنگاوەی بە "گەڕان" وەسفكرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری بەشداریكردنی سەربازی بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایشی دانیمارك لە ناوچەكەدا.
ئەم پێشهاتانەهاوكاتە لەگەڵ پۆستەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پلاتفۆرمی تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆیدا نووسیویەتی، گرینلاند پێویستە لە دەستی ئەمەریكادا، بێت و ئاماژەی بەوەشكردوە، "لەوە كەمتر قبوڵ ناكرێت".