رەزا پەهلەوی كێیە و بۆچی لە هەر گرژی و ئاڵۆزییەكدا ناوی دەهێنرێت؟

:: PM:12:26:15/01/2026 ‌
لەسەروبەندی هەر گرژی و خۆپێشاندانێكی ئێران ناوی رەزا پەهلەوی كوڕە گەورەی محەمەد رەزا شا دێتەوە ناو باسان و ترەمپیش لەبارەیەوە گوتی، ئەگەر گەلی ئێران قبوڵیان بێت من كێشەم لەگەڵیدا نییە.

رەزا پەهلەوی كوڕە گەورەی محەمەد رەزا شا دوایین شای ئێرانە، لەدایكبووی ساڵی 1960ـە و بەیەكێك لە سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێستەی ئەو وڵاتە ناوزەد دەكرێت.

رەزا پەهلەوی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بۆ خوێندنی سەربازیی چووەتە ئەمەریكا و خولی فێربوونی فڕۆكەوانی فڕۆكە جەنگییەكانی لە بنكەی ئاسمانی ریس لە ویلایەتی تەكساس بینیوە، ساڵێك دواتر و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و رووخانی دەسەڵاتی باوكی، نەیتوانی بگەڕێتەوە ئێران و هەر لە ئەمەریكا مایەوە.

پەهلەوی خۆی بە میراتگری باوكی دەزانێت، دوای كۆچی دوایی محەمەد رەزا شا لە ساڵی 1980 نازناوی شای دووەمی وەرگرت و دەستی بە چالاكی سیاسیی لە دەرەوەی وڵات كرد، ئێستەش هەرجارێك لە ئێران ناڕەزایەتی سەرهەڵدەدا خۆی بەنوێنەری خەڵك دەزانێت و ناوە ناوە لێدوان و راگەیەنراو دژ بە حكوومەتی ئێران دەردەكات.

هەرچەندە لە خۆپیشاندانی بەشێك لە شارەكان ناوی رەزا پەهلەوی دەهێنرێت و داوای گەڕانەوەی دەكەن، بەڵام جگە لە سەڵتەنەت خوازەكان، لایەنگرێكی ئەوتۆی لەناو خەڵكی ناڕازی ئێستەی ئێراندا و بەتایبەتیش كوردـدا نییە، چونكە پێیانوایە، گیا لەسەر پنجی خۆی شین دەبێتەوە و ناتوانێت ببێت بە فریادرەسی گەلانی ئێران و هیچ باوەری بە قەزیەی كورد نییە.

رەزا میراتگری دەسەڵاتێكی گەندەڵی سەركوتكارە كە لە سەردەمی دەسەڵاتی باوكی بەسەردەمێكی تاریك لەقەڵەم دەدرێت و هیچ مافێك بە نەتەوەكان تر لە ئێران  بەرەوا نابینێت.

لەچەند رۆژی رابردوو رەزا چاوی بەبەرپرسانی ئەمەریكا كەوتووە و بە ویتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتووە، ئەگەر حكوومەتی ئیسلامی بروخێت ئەو ئامادەیە بێتە سەرۆكی ئێران، بەڵام ئەمەریكییەكان باوەڕیان پێی نییە و پێیان وایە كەسێكی لاوازە.

رەزا كەسێكی نەتەوە پەرستە و هیچ مافێكی نەتەوەی بەنەتەوەكانی ئێران راوا نابینێت و كوردیش مێژوویەكی تاڵیان لەگەڵیدا هەیە، بۆیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەك سیاسیەكی ناشرین دەبینرێت و هەركەسیش پشتگیری كردبێت بەرهێرش و پەلاماری كوردان كەوتووە.

گروپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران كە بە زۆری نیشتەجێی دەرەوەی ئێرانن، لە مێژە لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دابەش بوون بەسەر بەرەی جیاوزدا، ئەوەی دیارە ئۆپزسیۆنی ئێران كەسی گەورە و لایەنی گرنگیان نییە، بۆیە زۆربەی جار ناوی رەزا دەهێنرێت.

لایەنگرانی پەهلەوی دەیانەوێت ئەو سەرۆكایەتی پاشایەتییەكی نوێ بۆ ئێران بكات، لە كاتێكدا چالاكوانانی تر خوازیاری كۆمارێكی نوێن لە جێگەی كۆماری ئیسلامی دەسەڵاتخواز كە لەلایەن پیاوانی ئاینی شیعەوە سەركردایەتی دەكرێت و لە شۆڕشی ساڵی 1979 دا باوكی شازادەیان لە دەسەڵات لادا.

پەهلەوی كە لە ویلایەتی مەریلاندی ئەمەریكا نیشتەجێیە لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریكا دەڵێت:  ئەگەر بڕیار بێت پاشایەتی بەشێك بێت لە داهاتووی ئێران و بەشداری لە كاروباری ئەو وڵاتەدا بكات، ئەوا دەبێت پاشایەك بێتە سەر كار كە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت. 

باوكی پەهلەوی، محەمەد ڕەزا پەهلەوی، لە ساڵی 1941 دا بوو بە جێنشینی ڕەزا پەهلەوی باوك كە دامەزرێنەری بنەماڵەی پەهلەوی بوو. 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رای گەیاند، رەزا پەهلەوی، كوڕی شای پێشووی ئێران "وەكو كەسێكی زۆر باش دەردەكەوێت، بەڵام بەڕاستی نازانم لە ناو وڵاتەكەی خۆیدا چۆن رۆڵ دەگێڕێت."
 
سەرۆكی ئەمەریكا كە پێشتر چەندانجار باسی لە ئەگەری دەستوەردان بۆ پشتیوانیكردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران كردبوو، هێشتا دوودڵە لە پێشكەشكردنی پشتیوانیی تەواو و راستەوخۆ بۆ رەزا پەهلەوی و دەڵێت: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵە."
 
ترەمپ گومانی خۆی نیشانداوە لەوەی خەڵكی ئێران پەهلەوی-یان وەك سەركردە قبووڵ بێت و گوتی: "نازانم ئایا گەلی ئێران سەركردایەتییەكەی قبووڵ دەكات یان نا، بێگومان ئەگەر ئەوان قبووڵی بكەن، ئەوە لای من كارێكی باش دەبێت
 


وشە - سۆران عەزیز