كەیهان كەلهور: كەمانچەكەم بۆ ماوەی چوار دەیەیە بەسەر تابووتی ئازیزترین كەسەكانمدا دەگری

:: AM:09:02:17/01/2026 ‌
هونەرمەندی ناسراوی كورد كەیهان كەلهور، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت "بۆ ماوەی نزیكەی چوار دەیە، بەسەر تابووتی ئازیزترین كەسەكانمدا كەمانچەكەم گریاوە ".

هونەرمەندی موزیكژەنی كورد كەیهان كەلهور لە ستۆری ئینستاگرامەكەی پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ داوا لە هەموو موزیكژەنەكان دەكەم، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی گەلی ئێران، ئەو گەلەی تەمەنێكە ڕووبەڕووی سوكایەتی، جیاكاری و قوربانیدان بونەتەوە، لەسەر دەستی ڕژێمێك كە هەرگیز هەڵیان نەبژاردوە و تا ئێستە ڕەتی دەكەنەوە".

لە بارەی دۆخی ئێستەی خۆپیشاندەرانەوە ئەو هونەرمەندە گوتویەتی "ئێستا گەنجانی بێبەرگری لە ئێران ڕووبەڕووی دڕندەیەكی بێوچان دەبنەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەیدا كەیهان كەلهور ئاماژە بەوە دەكات "ئەم دڵڕەقیەی كە لە لایەن ڕژێمەوە دەستی پێكردووە، تەواوی شارەكانی وڵاتی گرتووەتەوە".

ڕۆژی 28 كانوونی یەكەم 2025 خۆپیشاندانەكان لە تارانی پایتەختەوە دەستی پێكردووە و تا ئێستە بەردەوامە، لە بەرانبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتدارانی ئێران هێرشی وەحشیانە بۆ سەر خۆپێشاندەران زیاتر دەكەن، بە هۆكاری بڕینی هێڵەكانی پێوەندی هیچ زانیاریەك و دیمەنێك لە پێنج شەمی هەفتەی ڕابردوەوە ناچێتە دەرەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ژمارەی كوژراوەكان گەلێك زۆر بن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د