هەسەدە لە دێر حافر و مەسكەنە پاشەكشەی كرد

:: PM:04:53:17/01/2026 ‌

دوای ئاڵۆزییەكانی چەند هەفتەی رابردووی پارێزگای حەلەب لە سووریا، بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا هەسەدە و سوپای سووریا رێككەوتن بەوەی هەسەدە بە ویستی خۆی و بێ شەڕ لە ناوچەكانی رۆژئاوای فورات پاشەكشە بكات، كەچی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای سووریا بەدەر لە رێككەوتنەكە چوونەتە ناو ئەو ناوچانە و شەڕ دروست بووە.

دەستەی ئۆپراسیۆنەكان لە سوپای سووریا ناوچەی رۆژئاوای فوراتی وەك داخراو و سەربازی راگەیاند، داوای لە هاووڵاتییانی ناوچەكە كرد لە بنكە و بارەگەكانی هەسەدە دوور بكەونەوە، بەپێی دەستەكە سوپای سووریا كۆنترۆڵی هەردوو شاری دێر حافر و مەسكەنەی لە رۆژهەڵاتی حەلەب كردووە و بەرەو دبسی عەفنان پێشڕەوی دەكات و پرۆسەكەش تا كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكە بەردەوامە.  

وەك دەستەكە باسی كردووە ئەوان كۆنترۆڵی 34 گوند و شارەدێیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب كردووە كە بە دەستی هەسەوەدە بوون، جیا لە دەستگرتن بەسەر فڕۆكەخانەی جەراحی سەربازی، ئەوەش دوای كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە لەو ناوچانە بەپێی رێككەوتنێك بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا، هەر لەو ناوەدا ئەمڕۆ شەڕ لە ناوچەی دبسی عەفنان لە رۆژئاوای رەقە دروست بوو، هەسەدە دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق رێككەوتنەكەیان پێشێل كردووە و بەر لە كشانەوەی تەواویان هاتوونەتە ناو ئەو ناوچانە و ئەوەش شەڕی دروست كردووە. 

هەسەدە ئاماژەی كرد كە شەڕ لە دبسی عەفنان دروست بوو، دوای ئەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا ناپاكییان كرد و هێرشیان كردە سەر چەند خاڵێكی شەڕوانانی هەسەدە، ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا بوو كە 48 سەعات بوار بۆ هەسەدە هەبوو بۆ چۆڵكردنی دێر حافر و مەسكەنە.

هەسەدە دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی دیمەشق چەند كاروانێكی سەربازی و چەكی قورس و تانكیان هێنایە ناوچەكە بەر لە تەواوبوونی پاشەكشەی هەسەدە، بۆیە ئەوانیش هێرشیان كردە سەریان و زیانی گیانی لێ كەوتەوە، بەرپرسیارەتیی هەر پەرەسەندنێك لە ئەستۆی ئەواندایە و داوایشی لە هێزە میانگیرەكان كرد بۆ هاتنە ناو بابەتەكە و بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكان و رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە، لە لایەكی تر دەستەی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای سووریا كۆنترۆڵكردنی دوو كێڵگەی نەوتی، سوفیان و سەورە لە نزیك شاری تەبەقە راگەیاند، كە بە دەستی هەسەدەوە بوون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل