هەفتەی رابردوو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئێران لە شەڕێكی گەورە نزیك بوو، بڕیار بوو سێشەم و چوارشەمی رابردوو دەناڵد ترەمپ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران بدات، پلانی شەڕ و ئامانجەكان و شێوازی هێرشەكە هەر هەمووی ئامادە بوو، بەڵام كاتەكەی نادیار بوو و دەبوایە شەوی چوارشەم بێتە جێبەجێكردن، بەڵام نەكرا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار كە بە رۆژنامەی
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكیان راگەیاند، بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا ئامادە بوون چوارشەمی رابردوو گورزێكی ئاسمانی لە ئێران بوەشێنن، بەڵام هەر ئەو شەوە ترەمپ رای گەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران كوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێرانیان وەستاندووە و ئەوانیش هێرشیان ناكەنە سەر، دوێنێ هەینیش دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكە هی خۆی بووە و كەس داوای لێ نەكردووە.
بەپێی رۆژنامەكە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمەریكا پێشبینیی دەرچوونی فەرمانی ترەمپیان رۆژی چوارشەمی رابردوو دەكرد، هێزەكانی ئەمەریكا رێوشوێنی لە بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە وەرگرت، لەوانە لە قەتەڕ، هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەكە كرد، بەڵام لەپشت پەردەوە ترەمپ گوێبیستی بۆچوونی تر بوو، یاریدەدەرەكانی وریایان كردەوە بەوەی رەنگە ئەمەریكا نەتوانێت رژێمی تاران بە زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی بەپەلە بڕووخێنێت، دیاریش نییە كە بۆردمانكردنی چەند پێگەیەكی سەربازیی ئێرانی یارمەتیی خۆپێشاندەران دەدات و حكوومەت لاواز دەكات.
یاریدەدەر سەربازییەكان پێیان وابوو ئەمەریكا ئەوەندە هێزەی لە ناوچەكە نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی فرەوان و پاراستنی هێزەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، بۆیە سیناریۆی رووخانی رژێم زەحمەتە، ئەگەرچی سووزان مالۆنی توێژەر پێی وایە ئەو كارەی ترەمپ متمانەی ئەمەریكای خستە مەترسییەوە و ئێرانییەكان هەست بە ناپاكی و كاردانەوەیەكی نەرێنی بۆ تا دوای ماوەی سەرۆكایەتیی ترەمپ دەكەن، بەرپرسانی ئیسرائیلی و عەرەبی بە رۆژنامەكەیان گوت كە كاتی هێرشەكە گونجاو نییە، ئیسرائیل پێی وابوو هەر هێرشێك بۆ یارمەتیدانی خۆپێشاندەران درەنگە و ئێران وەڵامی دەداتەوە و ئیسرائیل پێویستی بە هێزی زیاتری ئەمەریكایە بۆ بەرگری لێ كردنی، لەوكاتەی زۆرینەی وڵاتانی كەنداو سەرەڕای نەیارییان بۆ ئێران، داوایان لە ئەمەریكا كرد كە هێرش نەكات.