بەپێی ڕێککەوتنێکى واژووکراو لەنێوان مەزڵووم عەبدى و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی حكوومەتی سووریا، کۆتایی بە دابەشبوونی سەربازی و کارگێڕی دەهێنێت و مافی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەچەسپێنێت.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە ئەمڕۆ یەکشەم 18ی کانوونی دووەمی 2026 واژوو کراوە، ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ لە هەموو بەرەکانی جەنگ ڕادەگەیەنرێت و هێزەکانی هەسەدە وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ خۆڕێکخستنەوە، دەکشێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەن:
تێکەڵبوونەوەی سەربازی و تەناهی
بەپێی ڕێککەوتنەکە، تەواوی ئەندامانی سەربازی و تەناهیی هەسەدە دوای وردبینیی تەناهی، بەشێوەی "تاکەکەس" لەناو هەیکەلی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریادا تێکەڵ دەکرێنەوە، پلە و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت و تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانیش دەپارێزرێت.
هەروەها شارۆكەی کۆبانێ (عەین عەرەب) لە چەکی قوورس چۆڵ دەکرێت و هێزێکی تەناهی لە ڕۆڵەکانی شارەکە دروست دەکرێت، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بێت.
گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیمەشق
هەردوو پارێزگای ڕەقە و دێرەزوور بە تەواوی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانەوە ڕادەستی حكوومەتی سووریا دەکرێنەوە، فەرمانبەرانی ئێستە دادەمەزرێنرێن. لە حەسەکەش تەواوی دامەزراوەکان لەگەڵ دەوڵەت تێکەڵ دەکرێنەوە، بەڵام پارێزگاری حەسەکە لەلایەن هەسەدەوە بە مەرسوومی سەرۆکایەتی دیاری دەکرێت.
حكوومەتی سووریا دەست بەسەر تەواوی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگەکانی نەوت و گازدا دەگرێتەوە و داهاتەکەی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
داننان بە مافی کورد و پەکەکە
خاڵێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافی ڕۆشنبیری و زمانی کوردیدا دەنێت و کێشەی "مەکتوومەکان" و خاوەندارییەتیی زەوی چارەسەر دەکات.
لە بەرانبەردا، هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی تەواوی سەرکردە و ئەندامانی "بیانی"ی پەکەکە لە خاکی سووریا، هەروەها ڕادەستنەکردنەوەی ئەوانەی بە "پاشماوەی ڕژێمی پێشوو" ناویان هێنراوە.
دۆسیەی تیرۆر و ئەمەریکا
حكوومەتی سووریا دۆسیەی زیندانییان و کەمپەکانی داعش وەردەگرێتەوە، هەروەها وەک ئەندامێکی کارا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.