مەلا فكری سیتكانی: هەر كەسێك لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد دەكرێت بێدەنگ بێت شەیتانی گەورەیە

:: PM:01:49:20/01/2026 ‌
مامۆستایەكی ئاینی رای دەگەیەنێت، هەر كەسێك لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد دەكرێت، بێدەنگ بێت شەیتانی گەورەیە.

مەلا فكری سیتكانی لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" رای گەیاند، ئیمام عەلی دەفەرموێت: "الساكت عن الحق شیگان ٲخرس"   ئەوەی بێدەنگ بێت لە حەق شەیتانی گەورەیە.

ئەو مامۆستایە بۆ ئەو دۆخەی لە رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە پێش دەڵێت: رۆژهەڵات و رۆژئاوا درۆزن و بێ بەڵێن و بێ وەفان بەرانبەر كورد.

باسی لەوەش كردووە، لەو دۆخە ناخۆش و شەڕ و ئاژاوەدا، پێویستە هەموو كوردێك یەك بگرن دژی چەتە و مافیا و بەكرێگیراوەكان.

بەبڕوای فكری سیتكانی، ئەوەی دەگاتێ چەك هەڵبگرێت، ئەویتر بەخۆپێشاندان و خەباتی مەدەنی هەڵسن دژ بەو كۆمەڵكوژییەی دژی میلەتی كورد دەكرێت، كە بەناوی "الله اكبر" ئەو كۆمەڵكوژییە دژی میلەتی كورد ئەنجام دەدەن.

لەلایەكی ترەوە عومەر عەلی غەفوور كە وەرگێڕێكی دیاری كوردە رای دەگەیەنێت،  بەندە بۆ ساتێكیش هەواداری فیكر و بیروباوەڕی پەكەكە و لق و پۆپەكانی نەبووم و نیم، نایشزانم ئەو هەسەدەیەی بەفەرمان و پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ لەناوبردنی داعش دروستیان كردووە، لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتیاندان چەندە حوكمڕانییەكی باشیان كردووە، بەڵام وەك ئەزموونێكی دووەمی دەوڵەتداریی كورد، لەپاڵ ئەزموونی باشوور، لە دڵەوە هیوای لەسەرپێ وەستان و سەركەوتنم بۆ خواستووە.

عومەر عەلی دەڵێت: لەم دۆخەی ئێستەیشدا كە زاهیر بەپیلانێكی سێ چوار قۆڵی (ئەمەریكا-ئیسرائیل- توركیا- سووریا) جەنگێكی سەرانسەری لە دژیان بەرپا كراوە، لە هەمان ڕوانگەوە پشتگیریم كردووە و دەكەم، چونكە چارەنووسی كورد لە هەموو پارچەكان بەیەكەوە بەستراوە، هەر سەركەوتنێك لە هەر پارچەیەك بۆ پارچەكانی تریش هێز و هەیبەت و سەركەوتنە، شكستی هەر یەكێكیشیان، بەتایبەت لە باشوور و رۆژئاوا كە ئەزموونێكی حوكمڕانییان هەیە، پێگەی ئەوانی تریش لاواز دەكا و ئەوانیش هەست بەمەترسی دەكەن. 

 "بینیمان لە كۆبوونەوەكەی پێرێی تۆم باراك لەگەڵ كاك مەسعوود و مەزڵووم عەبدی، چ خەمبارییەك بەڕووخساری هەردووكیانەوە دیار بوو، لە كاتێكدا پارتی و پەكەكە زۆرجار ناكۆك بوون و دەبوو كاك مەسعوود بەشكستی هەسەدە لانیكەم خەمبار نەبێ، بەڵام خەمبار بوو، زۆریش، چونكە دەزانێ دەكرێ سبەی بازرگانەكان ئەزموونی ئێرەیش بفرۆشن". عومەر عەلی غەفوور وا دەڵێت.

ئەو وەرگێڕە دەڵێت: لێرەوەیە پێم وایە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی بەبیانووی ئەوەی هەسەدە یان پەكەكە بیروباوەڕیان ناكۆكە بە ئاینی ئێمە، لە باتی پشتگیری، دژایەتییان دەكەن، هەڵەن، چونكە بەو حیسابە بێ دەبێ لە ئاست جینۆسایدی كوردانی ناموسڵماندا، بۆ نموونە كاكەیی و ئێزیدی، موویان نەبزوێ. ئەم جۆرە بیركردنەوەیەی هەندێ لە مەلا و بانگخوازەكان، هەر رژدی دژی بوون و بەرژەوەندیی نەتەوەییە.

لە كۆتادا عومەر عەلی ئەوەشی گوتووە، تۆ لە لێقەوماندا بەئەركی سەرشانی خۆت هەستە، لە جێگەی گونجاویشدا دەتوانی رەخنە لە فیكر و بیروباوەڕیان بگری. ئەگەر لە فیكر و ئایندا جیا بین، بەڵام لە نەتەوە و چارەنووسی هاوبەشدا یەكین و لە یەك كەشتیداین.




وشە - سۆران عەزیز