هەسەدە هێرشێكی چەكدارانی حكوومەتی كاتیی سووریایان لە حەسەكە شكاند و گورزی كوشندەیان لێ وەشاندن، هاوكات دەستیان بەسەر چەندان چەك و زرێپۆشدا گرت و ناوچەیەكیان ڕزگار كرد.
كەمێك لەمەوبەر هەسەدە راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، "هێزەكانمان هەوڵێكی گرووپەكانی دیمەشقیان پووچەڵكردەوە بۆ پێشڕەوی سەر گوندی تل باروود لەسەر ڕێگای ئەبیاد لە باشووری حەسەكە و گورزێكی گەورەیان وەشاند، دەستیان بەسەر چەندان تانك و زرێپۆش و چەكدا گرت".
هەسەدە ڕزگاركردنی ناوچەكەشیان ڕاگەیاند و دووپاتیان كردەوە، كە ئێستە ناوچەكە بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵدایە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە تا ئێستە شەڕ لە چەند قۆڵەوە بەردەوامە، ئەوەی مەترسییەكی گەورەتری دروست كردووە پاشەكشەی هەسەدەیە لە كەمپی هۆل و ئەگەری دەربازبوونی چەندان تیرۆریست هەن.