بڕیار بوو رێككەوتنی 10ی ئاداری رابردووی نێوان هەسەدە و دیمەشق تا كۆتایی 2025 بێتە جێبەجێكردن، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، بۆیە بە گوشارەكانی توركیا و پاڵپشتیی سەربازی بۆ دیمەشق و بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی سەرۆكی ئەمەریكا، سوپای سووریا و گرووپە توندڕۆكانی پاڵپشتییان دەكات دەستیان بە هێرش كرد و خەریكە زۆرینەی ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە كۆنترۆڵ دەكەن.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەداری دیپلۆماسی، لە دوایین پێوەندیی تەلەفۆنی ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ، كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و تۆم باراك نێردراوی تایبەتییەكەی بۆ سووریا بەشدارییان تیایدا كردووە، شەرع داوای لە ترەمپ كردووە ئەمەریكا رێگەی پێ بدات بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی هەسەدە و جێبەجێكردنی رێككەوتنە 14 خاڵییەكی دوایی بە زەبری هێز.
دوای پێوەندییەكەی شەرع بە ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا زنجیرەیەك پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەمەد بن سەلمان و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی هەڵوێستەكەی شەرع و سەپاندنی رێككەوتنەكە بە زەبری هێز و سەپاندنی دەسەڵاتەكانی دیمەشق بەسەر تەواوی سووریا.
ئەمڕۆ تۆڕی "فۆربس"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، جموجۆڵەكانی ئەحمەد شەرع لە سووریا، كە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پاڵپشتی دەكرێت، گرەوێكی زۆر مەترسیدارە و ترەمپ هەمان شێوازی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتر دووبارە دەكاتەوە، كە هەر خۆی پێشتر بەتوندی رەخنەی لێ گرت.
تۆڕەكە لە راپۆرتێكدا دەڵێت، پێكهاتە ئاینی و ئەتنییەكان و سوننە مەدەنییەكان لە سووریا وا سەیری ناوچەكانی خۆسەریی كوردی دەكەن وەك هێزێكی هاوسەنگ و هاوتایە و رێگری دەكات شەرع بۆ بەشار ئەسەدێكی تر دوور لە حزبی بەعس بگۆڕێت، بەتایبەتی دوای پیادەكردنی شێوازێك لە پێكهێنانی حكوومەتەكەی، خراپتر بوو لەو شێوازەی بەشار ئەسەد مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵات دەكرد.
روونی كردەوە، ترەمپ گرەوێكی گەورەی لەسەر شەرع كردووە بۆ یەكخستنێكی خێرا و تەواوەتی سووریا و كردنی بە دەوڵەتێك لەژێر سەرپەرشتیی ئەمەریكا، لەبری شێوازی هاوسەنگكردنی هێز، ترەمپ پەنای بۆ شێواندنی هێز برد، ئەوەش بە مەبەستی دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوو بتوانێت راستەوخۆ لە دۆسیەی سووریا بەتەواوەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەو كارەش سەركێشییەكی گەورەیە لە لایەن ترەمپەوە.