مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم ڕای گەیاند بەهۆی هێرشی تانک و زرێپۆشەکانی حكوومەتی سووریا، پاسەوانانی کەمپی هۆل ناچار بوون بکشێنەوە، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی پاراستنی ناوچە کوردییەکان هێڵی سوورە.
عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "هاوار" ئاشکرای کرد، هێرشەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر شوێنی مانەوەی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆل زیادیان کردووە.
ڕوونی کردەوە کە لە ئێوارەی دوێنێوە کەمپی هۆل ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بووەتەوە بە زەبری هێز، پاسەوانانی کەمپەکەش ڕووبەڕووی هێرشی زرێپۆش و تانک بوونەتەوە و بەو هۆیەوە ناچار بوون بکشێنەوە.
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە دا حكوومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ، دیمەشق وەڵامی هیچ دەستپێشخەرییەکی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا خراونەتە ڕوو.
مەزلووم عەبدی گوتیشی کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن، پاراستنی ئەو ناوچانە هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێغی ناکەین.
ناوبراو سڵاوی بۆ بەرخۆدانی دانیشتووان و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هێرشی "وێرانکەر و کوشتنی سیستماتیک" بوونەتەوە دژی کورد.
لە کۆتاییدا داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گرتووخانەکانی داعش هەڵبگرێت، هاوکات داوای لە حكوومەتی سووریا کرد هێرشەکان بوەستێنێت و بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێتەوە.