ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە رۆژئاوای كوردستان رووی دا، چی كەمتر نەبوو لە سیاسەتەكانی هەردوو رژێمی بەعس لە عێراق و سووریا كە لە ساڵانی رابردوو بەرانبەر بە كورد پێڕەویان دەكرد، تا كار گەیشتە كوشتن و ئازاردان بەناوی ئاینەوە، ئەوان هەموو شتێكیان بۆ خۆیان حەڵاڵ كردووە، سەرۆكی كۆمەڵەی زانایانی عێراق داوای هەڵوێست بەرانبەر بەو پێشێلكارییانەی رۆژئاوا دەكات.
شێخ خالید مولا سەرۆكی كۆمەڵەی زانایانی عێراق لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، گەورە زانایانی موسڵمان لە كوێن؟، خەڵكی دەعوا و روونكردنەوە و دەرخستنی راستییەكان لە كوێن، بەڵكو عاقڵمەندانی ئومەتی ئیسلامی و داناكانیان بەرانبەر بە شەپۆلی كوشتن و بەكەنیزەككردنی كوردانی سووریا لە كوێن؟
زیاتر دەڵێت، بێ رەچاوكردنی ململانێ سیاسییەكان، كوشتن و سەربڕین و بەكەنیزەككردنی ژنانیان و دەستدرێژیكردنە سەریان بەو شێوە قێزەونە، پێویستی بە هەڵوێستێكی روونی ئیسلامی هەیە، پێویستە مامۆستایان واز لە دیدی نەتەوەپەرستی تەسكیان بێنن و بەرەو دیدێكی فرەوانتری مرۆڤانە بچن.
شایەنی باسە ئێستە گرووپە توندڕۆكانی سووریا و تەنانەت هێزەكانی حكوومەتی سووریاش بە ناوی ئیسلامەوە شەڕی كورد لە سووریا دەكەن و ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵی دەكەن بە فەتح، واتە رزگاركراو بە دەستی موسڵمانان وەسفی دەكەن، ئەوەش بەكافركردنی كوردە و هەمان بیرۆكەی پێشووی داعشە، كە نەیارانی بە كافر دەكرد و بەو ناوە خوێن و موڵكوماڵی حەڵاڵ دەكردن و دەیكوشتن و تاڵانی دەكردن.