سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم ڕای گەیاند، گەیشتوونەتە لێکگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لەبارەی داهاتووی پارێزگای حەسەکە و مۆڵەتی چوار ڕۆژیان بۆ ڕاوێژکردن پێ داون.
سەرۆکایەتیی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێدانی مۆڵەتی چوار ڕۆژ بە هەسەدە بۆ ڕاوێژکردن بە مەبەستی دانانی پلانی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی ناوچەکان بە شێوەی کردەنی.
ڕوونی کردەوە لە ئەگەری ڕێککەوتندا، هێزەکانی سووریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و لە دەوروبەری شارەکان دەمێننەوە، دواتر گفتوگۆ لەسەر خشتەی کاتی و وردەکاریی تێکەڵکردنەوەی ئاشتییانەی پارێزگای حەسەکە و شاری قامیشلۆ دەکرێت.
سەرۆکایەتییەکە دووپاتی کردەوە کە هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە گوندە کوردییەکان و هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانە بوونی نابێت، جگە لە هێزی تەناهیی ناوخۆیی لە ڕۆڵەکانی ناوچەکە بەپێی ڕێککەوتنەکە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، مەزلووم عەبدی کاندیدێک لە پشکی هەسەدە بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری پێشکەش دەکات، جگە لە پێشنیازکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە و ناوی نوێنەران بۆ ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) و لیستی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا.
هەروەها هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر تێکەڵکردنەوەی هەموو هێزە سەربازی و تەناهییەکانی هەسەدە لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکان لەسەر وردەکاریی میکانیزمەکە، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکانیش تێکەڵ بە هەیکەلی حكوومەتی سووریا دەکرێنەوە.
سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوەش دا مەرسوومی ژمارە 13ی تایبەت بە مافەکانی زمان و کولتوور و مافی هاووڵاتیبوون بۆ کورد جێبەجێ دەکرێت، جێبەجێکردنی ئەم لێکگەیشتنەش لە سەعات 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات.