نێردەی ترەمپ: ئەرکی هەسەدە کۆتایی هات

:: PM:07:04:20/01/2026 ‌
تۆم باراک نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، ئەمڕۆ سێشەم 20ی کانوونی دووەمی 2026، پەیامێکی لەبارەی داهاتووی کورد لە سووریا بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند گەورەترین دەرفەت بۆ کورد لە قۆناغی گواستنەوەی دوای ئەسەدە لەژێر سایەی حكوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.

باراک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا ئەم ساتە ڕێڕەوێک بۆ تێکەڵبوونەوەی تەواو بە دەوڵەتێکی سووریای یەکگرتوو فەراهەم دەکات، کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوون و پاراستنی کولتووری و بەشداریی سیاسی بۆ کورد دەستەبەر دەکرێت، ئەوانەی لە سەردەمی بەشار ئەسەد لێی بێبەش بوون.

نێردەکەی ترەمپ ڕوونی کردەوە لە ڕووی مێژووییەوە بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنیا بۆ شەڕی داعش بوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" هاوبەشێکی کاریگەر بوون کاتێک هیچ حكوومەتێکی ناوەندیی کارا بوونی نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە بە بنەڕەتی گۆڕاوە و سووریا خاوەنی حكوومەتێکی دادنپێدانراوە کە بووەتە ئەندامی 90ـەمین لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش.

باراک دووپاتی کردەوە کە پاساوی هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و هەسەدە بەسەر چووە، چونکە دیمەشق ئێستە ئامادەیە و توانای هەیە بەرپرسیارێتیی تەناهی بگرێتە ئەستۆ، بە کۆنترۆڵکردنی گرتووخانە و کەمپەکانی داعشیشەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمەریکا لەم قۆناغەدا، تۆم باراک ئاشکرای کرد کە ئەوان کارئاسانی بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکەن نەک درێژەدان بە ڕۆڵی جیاواز بۆ هەسەدە، بۆیە کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دەکەن کە بریتییە لە:

تێکەڵکردنەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لەناو سوپای نیشتمانی (وەک تاکەکەس، کە ئەمە یەکێکە لە بابەتە هەرە مشتومڕهەڵگرەکان).
ڕادەستکردنەوەی ژێرخانە سەرەکییەکان وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازەکان.
ڕادەستکردنی کۆنترۆڵکردنی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش بە دیمەشق.

نێردەی ئەمەریکا دووپاتی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە مانەوەی سەربازیی درێژخایەن و ئەولەویەتیان تێکشکاندنی پاشماوەی داعش و یەکپارچەییی خاکی سووریایە دوور لە جیابوونەوە و فیدراڵی.

لە کۆتاییدا باراک هۆشداریی دا لەوەی بژاردەی مانەوە بە جیا، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆیە ئەم تێکەڵبوونەوەیە بە پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بەهێزترین دەرفەتە بۆ کورد تا ماف و ئاسایشی خۆیان لەناو دەوڵەتێکی نەتەوەییی سووریای ددانپێدانراودا مسۆگەر بکەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د