محەمەد شیاع سوودانی تەلەفۆن بۆ مەزلووم عەبدی دەکات

:: PM:11:35:20/01/2026 ‌
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمشەو سێشەم پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ئەنجام دا و دوا گۆڕانكارییەكانی سووریایان تاوتوێ کرد.

لە پێوەندییەکەدا باس لە دۆخی سووریا کرا لە ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوە تەناهییەکانی دوایی و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و دۆخی عێراق.

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی لە پێویستیی چەسپاندنی گفتوگۆ کردەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەجۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر بکات و پارێزگاری لە یەکپارچەییی وڵات و ئاسایشەکەی بکات.

سوودانی دووپاتی کردەوە کە دەبێت ڕێگری بکرێت لەوەی تیرۆریستان بتوانن لە گرتووخانەکان هەڵبێن و یاری بە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و عێراق و ئاسایشی گشتیی ناوچەکە بکەن.



وشە - پۆڵا مەحموود