ڕۆژهەڵات عەفرین: سەرۆك بارزانی بە تۆم باراكی گوت ئاشتی نەبێ بەرگریی دەكەین

:: PM:01:46:21/01/2026 ‌
ڕۆژهەڵات عەفرین فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا پیلانی میدیایەكی سلێمانیی پووچەڵ كردەوە كە دەیویست ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكانی هەولێر بشێوێنێت، بەڵام ئەو بە ڕاشكاوی ڕای گەیاند كە سەرۆك بارزانی بەرگریی لێ كردوون و بە ئەمەریكای گوتووە، ئەگەر ئاشتی نەبێت كورد یەك دەگرێت.

لە میانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی "هەشت"، پێشكەشكارەكە بە نەفەسێكی حزبی و بە مەبەستی لێدان لە یەكڕیزیی كورد، پرسیارێكی ئاراستەی ڕۆژهەڵات عەفرین كرد لەبارەی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەی هەولێر لەگەڵ شاندی ئەمەریكا، هەوڵی دا وا پێشان بدات كە ڕۆڵی نەرێنی بووە لەبارەی ڕۆژئاوا.

بە پێچەوانەی ئاراستەی پرسیارەكە و ئەو ئەجێندا حزبییەی كەناڵەكە كاری لەسەر دەكات بۆ جیاكردنەوەی پارچەكانی كوردستان و لێدان لە پیرۆزییەكانی یەكگرتوویی، ڕۆژهەڵات عەفرین گوتی، مرۆڤ دەبێت ڕاستی بڵێت، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی ناوبژیوانانە بووە و گوشاری لە تۆم باراكیش كرد.

فەرماندەكەی یەپەژە ئاشكرای كرد كە تۆم باراك نێردەی ترەمپ، چ لە كۆبوونەوەی هەولێر و چ لە دیمەشق، هیچ قسەیەكی باشی بۆ ڕۆژئاوا پێ نەبوو، بەڵام لە كۆبوونەوەكەی هەولێردا لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە زۆر گوشار كرایە سەر شاندە ئەمەریكاییەكە بەوەی دەبێت ئەو كێشانە بە ئاشتی چارەسەر بكرێن.

ڕۆژهەڵات عەفرین ئەو نهێنییەی ئاشكرا كرد كە سەرۆك بارزانی لە دانیشتنەكەدا بە ڕاشكاوی بە ئەمەریكاییەكانی گوت، دەبێ بە ئاشتی مافی كورد بدرێ، ئەگەرنا كورد تۆكمە و یەكڕیز و یەكگرتوو بەرەنگار دەبێتەوە و ئەم هەڵوێستە لە كۆبوونەوەكە بە ڕاشكاوی گوترا.

وەڵامەكەی ڕۆژهەڵات عەفرین وەك "شۆك"ێك بوو بۆ پێشكەشكاری كەناڵەكە كە دەیویست وەڵامێكی نەرێنی دەست بكەوێت بۆ لێدان لە پێگەی هەولێر، بەڵام فەرماندەكەی ڕۆژئاوا بە گوتنی "مرۆڤ دەبێت ڕاستی بڵێت"، هەم شاهیدی بۆ مێژوو دا و هەمیش ئاستی نزمی میدیایی و حزبیی كەناڵەكەی دەرخست.

وەك لە كەناڵەكەدا دەردەكەوێ، سەرەتا سەركردەكەی ڕۆژئاوا لەبەر نزمیی ئاستی پرسیارەكە هەر وەڵامی نەدایەوە، پێشكەشكارەكە بە ناچاری پرسیارەكەی گۆڕی، ئینجا عەفرین ئەو وەڵامانەی دایەوە لە سەرەوە نووسراوە.



وشە - پۆڵا مەحموود