سۆران ئازاد: كەجەكە بەردەوامە لە وەهمەكانی ئۆجەلان و خەمی ئاڵای توركیایانە

:: PM:02:17:22/01/2026 ‌
بەیاننامەی كەجەكە لەبارەی داگرتنی ئاڵای توركیا لە نسێبی كە ئەو هەوڵەی بەگێرەشێوێن ناو بردووە، ناڕەزایی ناوخۆی كوردستانی لێ كەوتەوە و نووسەرێك لەوبارەیەوە رای گەیاند، كەجەكە ئارەزووی سەركوتكردنی خۆی هەیە.

 سۆران ئازاد كە نووسەرێكی گەنجی دیارە و لە بواری فكردا دەنووسێت، لەبارەی بەیاننامەكەی كەجەكەوە دەڵێت: دۆلۆز و فلێكس لە گوتارێكدا دەڵێن، ''بۆ ئارەزوو ئارەزووی سەركوتكردنی خۆی دەكات، چۆن دەتوانێت ئارەزووی سەركوتكردنی خۆی بكات؟'' منیش دەپرسم بۆ (كەجەكە) ئارەزووی سەركوتكردنی خۆی، واتە كورد دەكات؟ بۆ دەتەوێت ئەوانەی ئاڵای توركیایان داگرتووە، سەركوتیان بكەیت؟ دەتەوێت سەركوتیان بكەیت، چونكە خۆتان سەركوت كراون. ئایدۆلۆجیای و بیری كۆمەڵگەی دیموكرات و برایەتی گەلان سەركوتی كردوون، دەتەوێت تەواوی كوردیش بەو ئایدۆلۆجیا و بیرە خۆی سەركوت بكات. 

سۆران ئازاد لە چەند خاڵیكدا ئەو سەركوتكردنە ناوخۆییەی كەجەكە روون دەكاتەوە، یەكەم: پرۆسەكە ناوی ئاشتی نییە و ناوی توركیای بێ تیرۆرە. دەوڵەتی توركیا ئەو پرۆسەیەی دیزاین كردووە، دەست پێ كردووە و دواتر بەسەریدا سەپاندوویت. بۆیە ناوە ڕاستینەكە لای ئەوانە نەك لای تۆ. 

دووەم: ئەوانەی ئاڵای توركیایان داگرتووە، ئەو كوردانەن كە دژ بە داگیركار، دژ بە كۆمەڵكوژیی كورد وەستاونەتەوە. واتە تۆ لەوە دەترسیت هەستی توركەكان بەو ئاڵاداگرتنە تێكبچێت؟ هەستی ئەوان دەمێكە بە هەبوونی تۆ وەك كورد تێكچووە. (كانت) گوتەنی، ئەگەر ڕاستی دەیانكوژێت، ڕێگە بدە بمرن. ئەوان بە ڕاستیی كوردێتیی تۆ دەمرن. تۆ بۆ ڕێگەی ئەو مردنە دەگریت و لێی دەترسیت؟ ئەگەر لە ناخەوە داگیر نەكرابیت، هەرگیز هێندە هاوسۆزیت بۆ داگیركار و ئاڵاكەی نابێت. 

سێیەم: ئەو پرۆسەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەبوو بە پاساوی هاتنەبەری مافەكانی كورد لە توركیا، ڕێگە لە ڕاپەڕینی كوردانی باكور بۆ پاڵپشتیی خۆرئاوا بگیرێت. ئەگەر توركیا هەر بەڕاستی باوەڕی بە مافی كورد هەبێت كە سەربەخۆییە، هێندە هەوڵی بۆ لەناوبردنی خۆرئاوای كوردستانی نەدەدا. 

چوارەم: دەڵێن لێدوانی بەرپرسانی حكوومەت و شێوەی بڵاوكردنەوەی ئەم ڕووداوە لە میدیاكانەوە، پەرەی بە شۆڤێنیزمی دوژمنایەتكردنی كورداندا.' واتە مەبەستتانە بڵێن شۆڤێنیزمی دوژمانەیەتیی كورد وا لە ناو دەچوو و بەو ئاڵاداگرتنە سەری هەڵدایەوە؟ دەزانیت وەك چی وایە؟ وەك ئەوە وایە داعشێك بیەوێت سەرت ببڕێت و تۆش بەرگری لە خۆت بكەیت. خەڵك هێرشت بكەنە سەر و پێت بڵێن خۆ ئەو داعشە خەریك بوو پەشیمان ببێتەوە، تۆ بۆ بەرگریی دەكەیت؟ ئەو باوەڕە ئایدۆلۆجی و وەهمییانەی ئێوە هەستی ئێوەی بۆ ڕاستی لەناو بردووە. ئێوە هێندە بۆچوونە بێبنەماكانی (ئاپۆ)تان بۆ گرنگە، هێندە باسی ژیان و مردنی كوردتان بۆ گرنگ نییە. بۆ پاراستنی ئەو ئاڵایەی ئێوە بەرگریی لێ دەكەن، واتە ئاڵای توركیا، ئێستە ژیانی ملیۆنان كوردی خۆرئاوا لە مەترسیدایە.

پێنجەم: نووسیوتانە "ڕێبەر ئاپۆیش هەمیشە دووپاتی كردووەتەوە، لە دژی هەمو جۆرە هێرشێكە دژ بە ئاڵای كۆماری توركیا، هەمیشە ڕێزی لە بەهاكانی گەلی توركیا گرتووە، دەوڵەتی تورك و لایەنە سیاسییەكانی توركیاش ئەو هەڵوێستەی ئێمە دەزانن، بۆیە دوای ئەم ئیستفزازی ئاڵایە بە ئامانج پێشاندانی تەڤگەرمان، دەم پارتی و گەلی كورد پێشاندەری ئەوەیە ئەمە بە مەبەست ئەنجام دراوە". 

ئێستە لە جیاتی ناوی (ڕێبەر ئاپۆ)، ناوی من دابنرایە، یان لەوە خراپتر ناوی (بارزانی) یان (تاڵەبانی) دابنرایە، ئەوا بێگومان بە خیانەتكار و جاشی تورك دادەنراین، بەڵام چونكە بۆچوونەكە هی ئێوە و (ئاپۆ)یە، ئەوا ئامانجەكە كۆمەڵگەی دیموكرات و برایەتی گەلانە. (كەجەكە) ئێوە بەو سەركوتكردنەی كورد، بەو شەرمەزاریكردنەی هەڵوێستی كوردانی یاخی و ڕاپەڕیو، هەستی دوژمنەكەتان بەرانبەر بە خۆتان ناگۆڕن، چونكە لە دیدی ئەو ئێوە هەر تیرۆریستن و هەر تیرۆریستیش دەبن. هەستی دوژمن بەرانبەر بە تۆ، بەرانبەر بە كورد، كاتێك دەگۆڕێت كە ویستی ئازاد و هێزدارانەی كورد سەر هەڵبدات. ئێوە ویستیان داگیر كراوە. 

شەشەم: ئێستە كاتی بەئاگاهاتنەوەیە. چەندان ساڵ بەر لە ئێستە خۆرئاوای كوردستان بە ئایدۆلۆجیای برایەتیی گەلان و كۆمەڵگەی دیموكراتیك، ئاڵای كوردستانیان لە خۆرئاوای كوردستان قەدەغە كرد، بۆ ئەوەی دڵی عەرەبە سوورییەكان نەڕەنجێت و لێیان هەڵنەگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەتا هەڵگەڕانەوە و كوشندەترین زیانیان بە هێزەكانیان گەیاندن. ئایدۆلۆجیای كۆمەڵگەی سووریای دیموكراتیك مرد و لە شوێنیدا گوتاری خۆرئاوای كوردستان زیندوو بووەوە، چونكە پشتكردنە ئەو گوتارە وەك ئەوە وایە فیشەك لە قاچ و لە سەری خۆت بدەیت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د