مەزڵووم عەبدی: پێزانینی زۆرمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەیە

:: PM:02:51:23/01/2026 ‌
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاشکرای کرد کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە و باس لەوە دەکات، هەوڵەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ تێکەڵبوونەوە بە حكوومەتی سووریا بەردەوامن.

ئەمڕۆ هەینی، مەزڵووم عەبدی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەگەڵ حكوومەتی سووریا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە.

عەبدی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "پێزانینی زۆرمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغەدا هەیە، بەو پێیەی پاڵپشتییەکانیان بۆ مەبەستە سیاسییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوبژیوانی ئەمەریکا بەردەوامە".

فەرماندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانج لەم هەوڵانە بریتییە لە وەستاندنی شەڕ، گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کراون، ئەمەش لە پێناو مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانیان و حكوومەتی سووریا.

لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی دووپاتی کردووەتەوە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی و گەلەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینی ئەوانە.


وشە - پۆڵا مەحموود