سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە هیچ هێزێکی دژەتیرۆری سلێمانی لەم ڕۆژانەی بەرەنگاریدا نەهاتوونەتە ڕۆژئاوا و ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو کراوەتەوە تیمێکن کە لە مێژە لە ژووری هاوبەشی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرن نەک تازەیی هاتبن.
لە رۆژانی ڕابردوو کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەیدا دووچاری ستەم و داگیرکاریی بووەتەوە و هەموان هاوسۆزن لەگەڵ ڕۆژئاوا، میدیای یەکێتی کورتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە ژمارەیەک چەکدار دەردەکەون و دەڵێن، ئێمە گەیشتینە ڕۆژئاوا بۆ بەرگریی و بژی بەرخودان.
سەرچاوەکەی "وشە" لە ڕۆژئاوای کوردستان، "ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو تیمەی دژەتیرۆری سلێمانی لە 12 کەس پێک دێن و لە چوارچێوەی ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردان کە لە سەردەمی داعش دروست بووە و نوێ نییە".
دووپاتی کردەوە کە ئەو ژوورە هێزی تریشی تێدایە و هەر هەسەدە و دژەتیرۆری سلێمانی نین، بۆیە گرنگە ڕاستی وەک خۆی بگوترێت و هێزی نوێ لە سلێمانییەوە نەهاتووە بۆ ڕۆژئاوا.
سەرچاوەکەی "وشە" ئەوەیشی خستە ڕوو کە مەبەست لە ڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییە بۆ ئەوە نییە ئێمە پێزانینمان نەبێ بۆ هەموو هەوڵێکی تاک بە تاکی باشوور، بەڵام ناخوازین بەکارمان بێنن بۆ ململانێی حزبی و سۆزی خەڵک، چونکە وەک ئەو گوتی "ئەم دۆخە رووبەڕووی گەلی کوردستان بووەتەوە ڕژدە و هی منەتکردن نییە"
لە لایەکی ترەوە ئاشوور عەلی کە توێژەرێکی بواری تەناهی و سەربازییە و چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەکە و جیهان دەکات، لە فەیسبووکی خۆی ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستە هیچ هێزێک نەچووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و ورووژاندنی ئەم باسە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، بۆیە کاتی مانۆڕی میدیایی نییە ئەگەر جووڵەیەکی واش بکرێ لە داهاتوو، نابێ بانگەشەی بۆ بکرێ.
ماوەی چوار ڕۆژە میدیای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە جۆرەها شێوە و منەتێکی زۆرەوە باس لەوە دەکات کە ئەوان تاکە هێزن پەڕیونەتەوە ڕۆژئاوا.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی یەکێتی لە سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمەیش دڵنیاین هێز نەچووەتە ڕۆژئاوا و رووداوێکی وا هەبووایە لە سلێمانییەوە دەیان کامێرامان دەخستە دوای تا دەگەیشتە ڕۆژئاوا، بەڵام یەکێتییەکەی ئێستە ئێمەیش نازانین خەریکی چییە و تێشناگەین بۆچی میدیای ئێمە خەریکی نەفەستی تەسکی حزبییە، لە کاتێکدا هەموو کەس و لایەنەکان باسی کوردبوون و نەتەوایەتیی دەکەن.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوویشدا یەکێتی نیشتمانی بە منەتێکی زۆرەوە باسی لەوە دەکرد کۆپتەرێک هاوکارییان ناردووە بۆ ڕۆژئاوا لە کاتی شەڕی داعشدا و سەتان جار ئەمەیان بە ناوچاودا دان، بەڵام کاتێک جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لە کۆنفرانسی ڕابردووی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان/دهۆک گوتی، هەرچیمان هەیە سەرۆک بارزانی لە پشتە. هەمان حزب کەوتنە تانەو تەشەر دژی عەبدی و خەریک بوو بیکەن بە ناپاک.