ئەردۆغان: سووریا بە پشتیوانیی ئێمە دەبووژێتەوە

:: PM:07:10:24/01/2026 ‌
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی وتارێکدا باسی لە دۆخی سووریا کرد و ڕای گەیاند، بە پاڵپشتیی وڵاتەکەیان و لەژێر سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، سووریا دەستی بە بووژانەوە کردووە، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە زمانی تورکی لە چەندان شاری ئەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە.


ئەمڕۆ شەموو، ئەردۆغان لە پارێزگای ئایدن گوتی "بە لەناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریستی جوداخواز لە باکووری سووریا، تەواوی ناوچەکە و نەک تەنیا گەلی سووریا، لە ئاسایش بەهرەمەند دەبن".


ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، سوپای سووریا وردە وردە دەستی کردووە بە دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانەی کە داگیریان کردووە، بەمەش دوای 13 ساڵ و نیو لە ململانێ، ئاسایش و سەقامگیری بۆ سووریا دەگەڕێتەوە.


لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی تورکیا باسی لەوە کرد کە ئەو کێشانەی ساڵانێکە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئەوان، یەک بە یەک چارەسەر دەکرێن.


سەبارەت بە کاریگەریی کولتووریی تورکیا لە ناوچەکە، ئەردۆغان گوتی: "لە حەلەب، حەما، حومس، عەفرین و ئیدلب، ئێستە ملیۆنان کەس بە زمانی تورکی بە ڕەوانی قسە دەکەن".


وشە - پۆڵا مەحموود