میدیایەکی ئیسرائیلی: ئەمساڵ باڵیۆزخانەی تەلئەڤیڤ لە دیمەشق دەکرێتەوە

:: PM:09:00:24/01/2026 ‌
کەناڵێکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، بەمزووانە بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس کۆ دەبنەوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 24/1/2026، کەناڵی i24NEWSـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بڵاوی کردەوە، بڕیارە بەمزووانە بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمەریکا لە پاریس کۆ ببنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکەش کۆتاییهێنانە بە ڕێککەوتنی تەناهی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی سەرچاوەکە، سووریا هەنگاوی گەورەی بڕیوە بۆ پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی "ئیبراهیم" و گەشبینییەکی زۆر هەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دانوستانەکان تەنیا لەسەر لایەنی تەناهی نین، بەڵکو گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی ستراتیجی و ئابووریی هاوبەش دەکرێت کە بڕیارە لە ناوچە داماڵراوەکان لە چەک لە نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ بکرێن.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، سەرەتا پلانی سووریا سنووردار بوو بە ڕێککەوتنی تەناهی و کردنەوەی نووسینگەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشق بەبێ سیفەتی دیپلۆماسی، بەڵام بەهۆی گوشاری ئەمەریکا و بە دیاریکراوی دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ کرانەوەی زیاتری سووریا، پێشهاتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بوون.



وشە - پۆڵا مەحموود