وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، وانەی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باسکردن لە مافی ڕەوای گەلەکەمان.
ئەمڕۆ شەموو 24ی کانوونى دووەمى 2026، وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاگاداری سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حكوومەت و ناحکوومی کردەوە، سبەی یەکشەم، وانەی یەکەم تەرخان بکەن بۆ وتنەوەی وانەیەکی تایبەت بە پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان.
وەزارەتەکە داوای لە مامۆستایان کردووە، لە پۆلەکاندا دووپات لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ئازادی بکەنەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دەبێت ئەوە بۆ قوتابیان ڕوون بکرێتەوە کە گەلی کورد لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام دژ بە هەر کردەوەیەکە ببێتە مایەی ستەم.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "هەرکات مەترسی بۆ سەر بوونی ئێمە وەک کورد دروست بێت، هەموومان یەکین و بەرانبەر هێرشەکان دەوەستینەوە".