هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕای گەیاند، بە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست ڕێککەوتوون و دانوستانەکانیش لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەموو، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕێککەوتن کراوە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 ڕۆژ، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەسەدە دووپاتی لە پابەندبوونی هێزەکانیان بە ڕێککەوتننامەکە کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە "پەرۆشی خۆمان نیشان دەدەین بۆ ڕێزگرتن لە ئاگربەستەکە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی مەدەنییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ سەقامگیری".
ئەم ڕاگەیەنراوەی هەسەدە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگریی سووریاش بۆ هەمان ماوە ئاگربەستی ڕاگەیاند.