لە كەركووك هەوڵێكی بەقاچاخبردنی نەوت پووچەڵ كرایەوە و بۆڕییەكی نایاسایی داخرا

:: PM:01:15:25/01/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رای گەیاند، لە كەركووك بۆڕییەكی نایاسایی و دزینی نەوت هەبووە و ئاشكرابوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 25ی كانوونی دووەمی، هەواڵگریی سەربازیی فیرقەی پیادەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووك، پلانێكی بۆ بەقاچاخبردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە بەشێوەی نایاسایی پووچەڵ كردەوە.

هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێت، پرۆسەكە كە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و هەوڵی رژدی مەیدانی بوو، بووە هۆی ئاشكراكردنی ئاراستەی بۆڕیی بەكارهێنراو بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی خاو، داخستنی بەشێوەیەكی تەواوەتی و رێگریكردن لە بەهەدەرچوون و دزینی بڕێكی زۆر لە سامانی نیشتمانی.

باس لەوەش كراوە، لە چوارچێوەی كارپێكراوەكاندا، رێكاری یاسایی لە بەرانبەر ئەو كەسانە گیراوەتەبەر كە تێوەگلاون. 

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم كارە لە چوارچێوەی زنجیرەیەك ئۆپراسیۆندا بوو بۆ لێدان لە تۆڕەكانی بە قاچاخبردنی نەوت و تاوانە ئابوورییەكان.. پاراستنی سامانی دەوڵەت هێڵی سوورە و نابێت تێپەڕێنرێت.


وشە - رامیار جەواد