لە پارێزگاری حەسەكە هێزەكانی سووریای دیموكرات، هێرشێكی توندی چەكداریی داعشیان پووچەڵ كردەوە كە گرتووخانەی غوێران (ئەلسینە)یان كردە ئامانج لە شاری حەسەكە كە هەزاران گیراوی داعشی تێدایە.
ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم، ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، شەوی رابردوو پێكدادانێكی توند لە دەوروبەری گرتووخانەی ئەلسینە سەریهەڵدا، دوای ئەوەی كۆمەڵێك شانەی داعش هەوڵیان دا دزە بكەن و بنكەی پاسەوانەكان بكەنە ئامانج لە هەوڵێكدا بۆ گرتنی گرتووخانەكە.
ئاماژە بەوەش كراوە، هێزەكانمان بە پاڵپشتی ئاسمانی و لۆجستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، توانی هێرشبەرەكان بەرپەرچ بداتەوە و ئەندامانی هێرشبەرەكان لەناو ببەن.
روون كراوەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بەشدار بوون و لە ئاسمانەوە بەچڕی ناوچەكەیان خستە ژێر چاودێری.
ئەم ڕووداوە لە كاتێكی هەستیار و گرژدا ڕووی دا، چونكە شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە لە نێوان هەسەدە و چەكدارانی سووریا روو دەدات، هاوكات دوا بڕیاری حكوومەتی سووریا بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 ڕۆژ هەیە.