گۆڤاری تایمی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئاماری کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەری هەیە تەنیا لە ماوەی 48 سەعاتدا، 30 هەزار کەس کوژرابن.
ئەمڕۆ یەکشەم، گۆڤاری "تایم"ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای تەندروستییەوە بڵاوی کردەوە، ئەگەری هەیە تەنیا لە ڕۆژانی هەشت و نۆی کانوونی دووەم، کاتێک وڵاتەکە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینی، هێزە تەناهییەکانی ئێران نزیکەی 30 هەزار کەسیان کوشتووە.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە داوە، لەو دوو ڕۆژەدا ژمارەی تەرمەکان توانای دەوڵەتی بۆ لەناوبردنیان تێپەڕاندووە، تەنانەت کیسەی تەرم لەلای دەسەڵاتداران نەماوە و لەبری ئەمبوڵانس، بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی کوژراوان بەکارهێنراوە.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هەرانا)، دوێنێ شەموو ڕای گەیاند، کۆی گشتیی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان 5137 کەسی تێپەڕاندووە. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە زانیاریی متمانەپێکراویان هەیە ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە لەو ئامارانەی حكوومەت بڵاوی دەکاتەوە.
لە بەرانبەردا، ئامارە فەرمییەکانی ئێران جیاوازن؛ دەسەڵاتداران ددان بە کوژرانی 3117 کەسدا دەنێن لەوەی بە "ئاژاوەگێڕی" ناوی دەبەن، باڵوێزی ئێران لە سویسراش باسی کوژرانی 2400 کەس دەکات لە "چالاکیی تیرۆریستی".
خۆپێشاندانەکان لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 بەهۆی تەنگژەی توندی ئابوورییەوە دەستی پێ کرد، سەرەتا کاسبکاران هاتنە سەر شەقام و دواتر لە ڕۆژانی هەشت و نۆی ئەم مانگە پەڕیەوە بۆ شارە گەورەکان.
بەرپرسانی تاران ئەم خۆپێشاندانانە بە "پیلانی دەرەکی" وەسف دەکەن و ئیسرائیل و ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەن.
لەلایەکی ترەوە سوپای ئێران لیێدوانەکانی توندتر کردووەتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند "کەشتیگەلێکی گەورە" ڕەوانەی ئاوەکانی نزیک ئێران دەکات. سوپای ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر حكوومەت سزای لەسێدارەدان بۆ هەندێک لە خۆپێشاندەران جێبەجێ بکات و ئەمەریکا کاردانەوەی هەبێت، ئەوا وەڵامێکی سەربازی دەدەنەوە کە لێدانەکانی پێشووی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، وەک "هیچ" لێ دەکات.