بۆچوونی ئێران و ئەمەریكا بەرانبەر بە نووری مالیكی چییە؟

:: PM:09:32:25/01/2026 ‌

شەوی رابردوو شیعە نووری مالیكیان وەك كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق راگەیاند، هەڵبژاردنی ناڕەزایی لەناو شیعە و سوننە لێ كەوتەوە، هەندێك لە چاودێران پێیان وایە ئەو كۆدەنگییەكی نیشتمانی لەسەر نییە و ئەگەری هەیە لە پەرلەمان كێشەی بۆ دروست ببێت، بەڵام ئەمەریكا و ئێران چۆن سەیری دەكەن؟

موجاشیع تەمیمی توێژەر و مامۆستای زانكۆ دەڵێت، كاندیدكردنی مالیكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زۆرینە بووە نەك بە سازانی هەمو لایەنەكان، هەنگاوەكە دروستە، بەڵام بەرهەڵستیكردنی لە لایەن چەند لایەنێكی بەهێزی شیعە و سوننە، وا دەكەن تێپەڕكردنی حكوومەتەكەی لە پەرلەمان مسۆگەر نەبێت، واتە سیناریۆی سێیەكی پەكخەر هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكان تێكەڵ بە ناڕەزایەتیی دەرەكی بوون.

روونی كردەوە، هەرچی بۆچوونی نێودەوڵەتییە، ئەمەریكا ڤیتۆی راستەوخۆ ناخاتە سەر مالیكی، ئەو سەرنج دەخاتە سەر سروشتی هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی حكوومەتەكەی، بەتایبەتی پێوەست بە كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و قاچاغی دۆلار و گەندەڵی دامەزراوەیی، رەنگە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات دوور لە میلیشیاكان لای ئەمەریكا قبووڵكراو بێت، هەرچی وڵاتانی ناوچەكەیە، رۆڵی حكوومەتی داهاتووی عێراق بەرانبەر دۆسیەی سووریا لەژێر چاودێریدایە.

لای خۆیەوە نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، تا دوا سات چوارچێوەی رابردوو لەبەردەم دوو بژارەدا بوو، بەردەوامبوونی گفتوگۆكانیان بۆ گەیشتن بە كۆدەنگی لەسەر كاندیدێك، یان هەنگاونان بەرەو دیاریكردنی بە زۆرینەی دەنگ، بەهۆی زەحمەتیی كۆدەنگی و سازان ئەوان بەرەو دەنگدانی زۆرینە رۆیشتن، بۆیە سەرەڕای ناڕەزایەتیی چوار هێز لەناو چوارچێوەكە مالیكی كاندید كرا، ئێستەش چاوەكان لەسەر هەڵوێستی ئیدارەی ئەمەریكان، ئەگەر گڵۆپی سەوزی بۆ كاندیدبوونی مالیكی هەڵ كرد، رەنگە هێزە سیاسییەكانی تریش قبووڵی بكەن. 

لای خۆیەوە عەقیل فەتلاوی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند، كاندیدبوونی نووری مالیكی رووبەڕووی ڤیتۆی ئێران و ئەمەریكا و مەرجەعیەتی ئاینی نابێتەوە، كاتێك عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران پاڵپشتی كرد و ئەمەریكاش لاری لەسەر نییە، چونكە بەهۆی نزیكی لێیانەوە دەسەڵاتی بەسەر میلیشیاكان هەیە و داماڵینی چەكی ئەوان بە بوونی مالیكی ئاسانتر دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل