وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندیی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، دووپاتی لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی كانوونی دووەم، ماركۆ روبیۆ و محەمەد شیاع سودانی، پێوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دووپاتی لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق كردەوە، هۆشداریی دا هەر لایەنێك بیەوێت عێراق تێوەبگلێنێت لە ململانێ ناوچەییەكان، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پێوەندیی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت.
مارك رۆبیۆ لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا رای گەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات تاوتوێ كراوە، دووپاتی لەوە كردەوە سەركەوتنی حكوومەتی عێراق بەندە بەوەی نەچێتە ناو بەرژەوەوەندییە ناوچەییەكان، چونكە ئەوە دەبێتە رێگر لە بەردەم پەرەپێدانی هاوكارییە ئابووری و سیاسییەكان بۆ هەردوو وڵات.
لە بەشێكی تری پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، باسیان لە چارەنووسی گیراوانی داعش كردووە و روبیۆ ستایشی رۆڵی عێراقی كرد، بۆ بەدەمەوەهاتنی ئەو كارە و وەرگرتنی ئەندامانی داعش لە گرتووخانەكانیاندا.
ئەمە لە كاتێكدایە عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی نزیكەی حەوت هەزار چەكدار و سەركردەی باڵای داعش، كە لە گرتووخانەكانی سووریادا بوون و پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا گیرابوون.