فڕۆكەیەكی ئەمەریكی تێكشكاوە و هەشت سەرمایەدار گیانیان لە دەست داوە

:: AM:10:18:26/01/2026 ‌
بەپێی میدیاكانی ئەمەریكا، فڕۆكەیەكی تایبەت كە ژمارەیەك خاوەنكاری ئەمەریكی هەڵگرتووە و لە كاتی فڕینی لە فڕۆكەخانەی شاری بانگۆر لە ویلایەتی ماینی ئەو وڵاتە، كەوتووە و تێكشكاوە. میدیاكان باس لە مردنی هەشت خاوەنكار دەكەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی دووەم، لە میدیاكانی ئەمەریكای وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە بە روونی دیار نییە بەهۆی تێكشكانی ئەو فڕۆكەیە كە لە جۆری "بۆمباردیە چالنجەر 650"ـە، زیانە گیانییەكانی بە دروستی چەند بووە، بەڵام زۆربەی میدیاكان باس لە گیان لەدەستدانی هەشت سەرمایەدار و خاوەنكاری ئەمەریكی دەكەن.

فڕۆكەخانەی بانگۆر باسی لەوە كردووە كە رووداوەكە شەوی رابردوو لە سەعات 7.45 خولەك بە كاتی ئەمەریكا رووی داوە، بەهۆی تێكشكانی فڕۆكەكە ئێستە فڕۆكەخانە داخراوە.

باس لەوەش دەكرێت كە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تێكشكانی فڕۆكەكە دەستی پێ كردووە، تا ئێستە زانیاریی دروست لەوبارەیەوە بڵاو نەبووەتەوە.

لە كاتێكدا ئەو رووداوە رووی داوە، باكوری رۆژهەڵاتی ئەمەریكا تووشی رەشەبا و زریانێكی بەفرین بووە. ویلایەتی ماینیش پلەی گەرما بۆ پلەی بەستوو راگەیاندووە. ئەوەیش دەڵێن كە بەهۆی بەفربارینەوە ئاستی بینین زۆر دابەزیوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د