هەسەدە بەیاننامەیەكی فەرمیی دەركرد و رای گەیاند، لەلایەن هێزەكانی سووریا هێرش كراوەتە سەرمان و پێكدادان رووی داوە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكی هەسەدەدا هاتووە، لە سەعات دووی بەیانیی ئەمڕۆ، هێزەكانی سەربە دیمەشق لە چەند بەرەیەكەوە هێرشی توندیان كردووەتە سەر شارۆچكەكانی خەراب ئەشك و جەلەبیە كە دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی كۆبانی، هاوكاتە لەگەڵ تۆپبارانی تۆپخانە قورسەكان كە گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون و ناوچەكانی دەوروبەری دەكەنە ئامانج.
باس لەوەش كراوە، دوابەدوای ئەم هێرشانە پێكدادانی توند لە نێوان هێزەكانمان و لایەنە هێرشبەرەكاندا سەریهەڵدا. هێزەكانمان بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكە، پێكدادانەكان بەردەوامن، بەتایبەتی لە شارۆچكەی جەلەبیە، لە كاتێكدا چەكدارە هێرشبەرەكان هێزی سەربازیی زیادە دەهێنن، لەناویاندا تانك و زرێپۆش. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ چالاكی چڕوپڕی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا لەو ناوچەیە.
روون كراوەتەوە، ئەم هێرشانە پێشێلكارییەكی ڕوون و ئاشكرای ڕێككەوتنی ئاگربەست پێكدەهێنن و تەنیا لە دووەم ڕۆژی جێبەجێكردنیدا دێن، ئەمەش پشتڕاستكردنەوەی شكستی دیمەشق لە پابەندنەبوونی بەڵێنەكانی و بەردەوامی سیاسەتی پەرەسەندنی سەربازی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كاتێكدا ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە هێزەكانمان مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریكردن لە خۆیان بەكار دەهێنن، دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لەم پێشێلكارییانە و كاردانەوەی مرۆیی و تەناهی لە ئەنجامدا. داوا لە گەرەنتیكارانی ڕێككەوتنی ئاگربەست دەكەین كە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی خێرا بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و كۆتاهێنان بە پەرەسەندنی بەردەوامی دیمەشق بگرنەبەر.