وەزیری دەرەوەی سووریا، پێوەندیی تەلەفۆنی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ڕۆژئاوای كوردستانەوە كردووە. لەو پێوەندییەدا داوای پێكهێنانی شاندێكی كردووە بۆ ئەوەی لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆ ببنەوە.
بەپێی زانیارییەكان كە راگەیاندنی رۆژئاوای كوردستان بڵاویان كردووەتەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانی لە قامیشلۆ كۆبوونەوەكانی دەست پێ كردووە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەو شاندە 13 كەسییە، كە بڕیارە بچنە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی سووریا كۆ ببنەوە.
ئەسعەد شەیبانی رای گەیاند، داوامان لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی ڕۆژئاوا كردووە شاندێك بۆ گفتوگۆ بنێرنە دیمەشق.
بەگوێرەی دەقی ئەو رێككەوتنە 14 خاڵییەی لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژوو كراوە، كە بە رێككەوتنی ئاگربەست و تێكەڵاوكردنی تەواوەتی ناسراوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات بەشێوەی تاكەكەسی تێكەڵاوی سوپای سووریا دەكرێن، لەگەڵ رەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە كوردییەكان، پارێزگارێكی كورد بۆ شاری حەسەكە دادەنرێت و ئەو لیستە كاری پێ دەكرێت كە سەركردایەتیی هەسەدە، رادەستی دیمەشقی كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستە سەربازی، تەناهی و مەدەنییە باڵاكان لە ناو پێكهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا.