شارەزایان پێیان وایە هێرشەكەی ئەمجارەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێرانیش وەك جاری پێشوو نابێت، هەردوولا، بە ئیسرائیلەوە خۆیان بۆ هێرشێكی توندتر و سوپرایز ئامادە كردووە، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی پێشبینیی ژمارەیەك شرۆڤەكاری سەربازی دەگوازێتەوە بەوەی هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران سەرەتاكەی زۆر بەهێز دەبێت.
رۆژنامەی
"مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێك باسی ئەوە دەكات، سوپای ئەمەریكا لە كۆكردنەوەی هێزی دەریاوانی و ئاسمانی لە ناوچەكە بەردەوامە، فڕۆكەهەڵگر و كەشتی سەربازی و چەندان پۆل فڕۆكە و بۆمبهاوێژی ستراتیجی و درۆنی هێناوەتە ناوچەكە، جیا لە سەكۆی شەڕی ئەلیكترۆنی و سیبرانی، ئەوەش بژارەكانی بەردەم واشنتن زۆر فرەوان دەكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.
بەپێی رۆژنامەكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا شەڕی درێژخایەنی ناوێت، ئەوەش مانای وایە دەبێت یەكەم گورزی هێرشەكە زۆر بەهێز بێت و توانا سەربازییە سەرەكییەكانی ئێران پەك بخات، جیا لە سەپاندنی بەرپەرچدانەوەیەكی خێرا بە هاوشێوەی هێرشەكانی پێشوو.
هاوكات بەپێی خەمڵاندنەكانی ئیسرائیل، ئێران لە دوای هێرشەكەی هاوینی رابردووی ئیسرائیل و ئەمەریكا كار بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی دەكات و فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی لە رووسیا كڕیوە، ئەگەرچی ئەوە نابێتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ پێشەنگیی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە حاڵەتی دروستبوونی شەڕ.
لە دوای هێرشەكەی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران لە چەندان لا و بە چەندان شێوە خەریكی خۆبەهێزكردنە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەك و فڕۆكەی پێشكەوتووی لە چین و رووسیا و كۆریای باكور كڕیوە، كە رەنگە هەوڵ بدات سوپرایز بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل دروست بكات، جیا لە پەرەپێدانی توانا مووشەكییە بالیستییەكانی، ئەوە ئەگەر دەستپێشخەری نەكات و درۆن و مووشەكێكی زۆر ئاراستەی تەلئەبیب نەكات، رەنگە هەر ئەوەش وا بكات ئەمەریكا بەر لە هێرشەكەی هێرشێكی گەورەی ئەلیكترۆنی و سیبرانی بكاتە سەر دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە.