رووسیا بنكەی سەربازیی قامیشلۆ بەرەو حمەیمیم چۆڵ دەكات

:: PM:05:13:26/01/2026 ‌

دوو رۆژە هێزەكانی رووسیا كەلوپەل و ئامرازەكانی جەنگ و سەربازانی لە بنكەی سەربازییەكەی لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بەرەو بنكەی سەربازیی حمەیمیم لە لازقییە دەگوازێتەوە، وەك ئامادەسازی بۆ چۆڵكردنی تەواوەتیی بنكەكەی لە قامیشلۆ.

ئەمڕۆ دووشەم سەرچاوەیەكی رووسی دووپاتی كردەوە، تا ئێستە پرۆسەی چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكەی لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ بەردەوامە و ئەو كەرەستە سەربازییانەی دەیانگوازێتەوە بۆ بنكەی سەربازیی حمەیمیم لە لازقییە، تا ئێستە ژمارەیەك لە راوێژكار و سەربازی رووسی لەناو بنكەكەی قامیشلۆن تا كاتی كۆتاهاتنی تەواوەتی پرۆسەی گواستنەوەی كەلوپەلەكان و تەواوبوونی ئەركەكانیان لەوێ.

دوێنێ كاروانێكی گەورەی سوپای رووسیا كە لە دەیان زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی پێك هاتبوو، بەرەو بنكەی ئاسمانیی حمەیمیم چوو، لەوكاتەی رووسیا دوو بنكەی سەربازی لە سووریا ماوە، بنكەی حمەیمیمی ئاسمانی و تەرتووسی دەریایی لە كەناراوەكانی سووریا.

سەبارەت بە رووداوەكانی چەند هەفتەی دوایی سووریا، هۆزان عەفرینی توێژەری كورد گوتی، پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا بۆ حكوومەتی كاتیی ئەحمەد شەرع بۆ كۆنترۆڵكردنی جوگرافیای سووریایە، ئەوەش لە رێگەی دووبارە دابەشكردنەوەی دەسەڵات لە نێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری لەپێشەوەیان توركیا و ئیسرائیل و رووسیا، هاوتەریب لەگەڵ لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە.

روونی كردەوە، كودەتاكەی ئەمەریكا لە هەسەدە، لە دوای لێكگەیشتنە رانەگەیەندراوەكانی دوای كۆبوونەوەی پاریس لە نێوان لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان هات، ئەو لێكگەیشتنانە نەخشەی دەسەڵاتی لەسەر بنەمای دەسترۆیشتن زیاتر لە دابەشكردنی جوگرافی جێگیر كرد، بەپێی ئەو لێكگەیشتنانە باشووری سووریا ناوچەیەكی دەسەڵاتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، لێواراوەكانی سووریا وەك ناوچەی دەسەڵاتی رووسیا، لە بەرانبەر دەسەڵاتی توركیا لە ئیدلب و حەلەب، ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیش دەبنە ناوچەی دەسەڵاتی ئەمەریكی، لەگەڵ هێشتنەوەی بوونێكی شێوەیی حكوومەتی سووریا لە ناوچەكانی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل